بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای وەرزی و دەستنیشانكردنی چەند حاڵەتێكی خورانی پێست لەناو سزادراون، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بۆ ماوەی ٣٠ رۆژ سەردانیكردن بۆ چاكسازی گەورانی هەولێر رابگرێت.
بەگوێرەی نوسراوێك كە واژۆی ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستانی لەسەرە و ئاڕاستەی چاكسازیی گەورانی هەولێر كراوە، تێیدا هاتووە کە رێكاری پێویست بگرنەبەر بەمەبەستی راگرتنی سەردانی سزادراوان بۆ ماوەی ٣٠ رۆژ
لەبارەی نوسراوەكە، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان، بە رووداوی راگەیاندووە، ماوەیەكە لە هەولێر پەتای وەرزی بڵاوبووەتەوەو چەند كەیسێك لەناو چاكسازی گەورانیش تۆماركراون، هەروەها چەند حاڵەتێكی ئەكزیما (خورانی پێست)یش دروستبووە، هەربۆیە بەمەبەستی رێگریكردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی، بڕیاردرا سەردانیكردن بۆ ئەو چاكسازییە بۆماوەی ٣٠ رۆژی رابگیرێت.
دەشڵێت:” دەركەتووە زۆربەی ئەو كەسانەی لەناو چاكسازی گەورانی هەولێر تووشی پەتا بوون، لە دەرەو بۆیان گواستراوەتەوە، هەربۆیە لە ئەمڕۆوە یەكشەممە، سەردانیكردن رادەگیرێت”.
سەبارەت بە گرتنبەری هەمان رێوشوێن لە چاكسازییەكانی سلێمانی و دهۆك، ئیحسان عەبدولڕەحمان رایگەیاندووە، ئەو نوسراوەی بۆ چاكسازیی گەورانی هەولێریان كردووە لەبارەی راگرتنی سەردان، ئاڕاستەی دهۆك و سلێمانیش كراوە، وتی:” بەڵام لەوێ لەبەرئەوەی پەتاكە كەمترە، كردوومانەتە ئارەزوومەندانە”