بەڕێوەبەری بەشی کۆنترۆڵی بازرگانی و دارایی عێراق ڕایگەیاند، ڕێکارەکان بۆ چاودێری کردنی کوالێتی و جۆری خواردەمەنییەکان چڕتر کراوەتەوە و ساختەکاریش کەمبۆتەوە.
ریاز موسەوی، بەڕێوەبەری بەشی کۆنترۆڵی بازرگانی و دارایی لە وەزارەتی بازرگانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لەپێناو سەقامگیرکردنی نرخ و کوالێتی کاڵا و کەرەستە خۆراکییەکان بە هەماهەنگی وەزارەتی تەندروستی رێکارەکانیان چڕترکراونەتەوە و ڕێگە لە چەندین ساختەکاریش گیراوە.
موسەوی باسی لەوەش کرد، لە رێی تیمە هاوبەشەکانی چاودێری و سەرپەرشتیاری هەردوو وەزارەتەکە چەند کەرەستەیەکی خۆراکی کە پێکهاتبوون لە شیر و برنج و کەرەستەی دیکە بە ناو و کێشی جیاواز بە هاووڵاتیان دەفرۆشرانەوە لە چەندین فرۆشگا دەستیان بەسەرداگیراوە . دەشڵێت ” بەشێک لە فرۆشگاکان دەستکاری کێشی کەرەستەکانیان بە تایبەت ماسی و گۆشتی سور کردبوو “.
لە ماوەی رابردوودا وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، لە پێناو سەقامگیرکردنی نرخی کەرەستە خۆراکییەکان چەندین یەکەی فرۆشتن لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێم دەکرێنەوە کە هاووڵاتیان دەتوانن لە رێیەوە بە نرخی پاڵپشتیکراو کەرەستەی خۆراکی بە شێوەی قیستی مانگانە بکرن.