سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕێنماییەکی نوێی بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دەرکرد بۆ ئەوەی کارئاسانی بۆ مارمەندانیان بکەن دەنگی خۆیان بدەن.
ئەمڕۆ یەک شەممە 17 ی کانوونی یەکەمی 2023،باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، “محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕێنمایی کۆمپانیا ناوخۆیی و دەرەکییەکانی کەرتی تایبەتی کرد کە لە عێراق کاردەکەن، بۆ ئەوەی بوار بۆ کرێکارەکان و کارمەندەکان بکەنەوە کە لە ڕۆژی هەڵبژاردندا ئاسانکاری تەواویان بۆ بکەن بۆ ئەوەی دەنگەکانیان بدەن و مافی بەشداریکردنیان لەو پرۆسەیەدا هەبێت”.
سبەینێ 18 ی کانوونی یەکەم پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، هاوکات دوێنێ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت کۆتایی هات، و بەپێی بڕیاری کۆمسیۆن جیاکردنەوە و ئاشکراکردنی ئەنجامەکان لەدوای 24 کاتژمێر لە کۆتاییهاتنی پرۆسەکە دەخرێتە روو.