بەڕێوەبەرێتی گشتی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی بە نووسراوێکی فەرمی داوا لەبەڕێوەبەرێتی گشتی دیوانی وەزارەت دەکات کە سێ مووچەی کۆتایی ساڵ لەسەر حسابێکی تایبەتی ژمێریاریی بە ناوی “مووچەی شایستەی خەرجنەکراو” هەژماربکەن.
بەڕێوەبەرێتی گشتی ژمێرکاریی لە وەزارەتی دارایی نووسراوێکی فەڕمی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرێتی دیوانی وەزارەت کردووە، داوایکردووە گشتاندنێک بکەن بۆ هەموو وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت بۆ گرتنەبەری ڕێکاری ژمێریایی تایبەت بۆ هەژمارکردنی سێ مووچەی کۆتایی ساڵ لەسەر حسابێکی تایبەتی ژمێریاریی بە ناوی “مووچەی شایستەی خەرجنەکراو”، کە بەگوێرهى بنەما ژمیریاریەکان ئەم هەژمارە ئەو خەرجیانە دەگرێتەوە کە پێویستە خەرجبکرێن لەکاتی خۆیاندا، بەڵام بەهۆی هەر هۆکارێکەوەبێت لەکاتی خۆیدا خەرجنەکراون و دەمێنەوە بۆ دوای پاکتاوی ساڵ و دەرکردنی میزانیەی کۆتایی ساڵ.
بەڕێوەبەرێتی ژمیریاکاری لە نووسراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، وێڕای ئەوەی کە ئەو سێ مووچەیە خراوەتەسەر هەژماری شایستە خەرجنەکراون، تا ئێستا هیچ کاتێک دیارینەکراوە بۆ گێرانەوەی ئەو مووچانە بۆسەر هەژماری پێچەوانەوە خەرجکردن، کە بەگوێرهى ڕێکارە داراییەکان، دەبێت قەیدێکی پێچەوانەی هەبێت و ئەو پارەیە بگەڕێتەوە بۆ سەر هەژماری مووچە و کاتی خەرجکردنیشى دیاریی بکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە پاش سەردانیکرندی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، حکومەتی عێراقی بڕیاریدا بە ناردنی سێ قەرزی ٧٠٠ ملیاری بۆهەرێم بۆ دابینکردنی هەر سێ مووچەی مانگەکانی ( تەمموز، ئاب و ئەیلوول)، بەڵام چارەنووسی سێ مووچەی کۆتای ئەمساڵ بە نادیاری مایەوە.
هاوکات ئێستا لە ڕۆژەکانی کۆتایی ساڵداین و دیارنییە ساڵی داهاتوو بەچ میکانیزم و ڕێکارێک حکومەتی هەرێم و بەغدا دەکەونە ڕێککەوتن مووچەی ساڵی داهاتوو چۆن دابەشدەکات.