لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، بەشداریکردنی کورد لە هەڵبژاردنەکان گرنگ و پڕ بایەخە، تکایە با ململانێی سیاسی و قۆڵبادانی حزبی لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان ساردتان نەکاتەوە، تکایە دەنگ بەو کاندیدانە بدەن کە دەزانن خزمەتی شاری کەرکوک و کورد دەکەن.
لاهور شێخ جەنگی راگەیەندراوێکی دەربارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بڵاوکردەوە و دەڵێت:”کەرکوکییە ئازا و بەهەڵوێستەکان، خەڵکی خۆڕاگری شاری کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی شەنگال و شێخان و مەخموور و دووزخورماتوو و خانەقین و مەندەلی، چەند ڕۆژێکی کەممان ماوە بۆ ئەوەی ئێوەی خۆشەویست، ئێوەی قوربانی و ماندوو و برینداری دەیان ساڵەی سیاسەتە نامرۆڤانەکانی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و سیاسەتە هەڵە و نابەرپرسیارەکانی دەسەڵاتەکانی دوای ڕژێمی دیکتاتۆری عێراق، بڕۆنە بەردەم سندووقەکانی دەنگدان و نوێنەرەکانتان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکەتان دیاری بکەن”.
دەشڵێت:”بەم بۆنەیەوە دەمەوێت وەک بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەرشانم بە تکایەکی برایانە پێتان بڵێم؛ کە ململانێ لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان تەنها ڕەهەندی حیزبی و سیاسی نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانیشی هەیە، بۆیە بەشداریکردنی فراوانی ئێوەی ئازیز ئێجگار گرنگ و پڕ بایەخە، تکایە با ململانێی ناپەسەندی سیاسی و قۆڵبادانی حیزبی ساردتان نەکاتەوە لەوەی بڕۆن بەشداری بکەن، بەشداریکردنی هەموو دەنگێکی کورد گرنگ و پڕ بایەخە بۆ پاراستنی سەنگ و پێگەی کورد لەو شارەدا”.
لاهور جەنگی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا داوا لە هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و دەڵێت:”، تکا لە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و تەواوی دەنگدەران دەکەم کە بۆ دەنگدان بە کاندید ئێوە دەتوانن بە هۆشیاریی و ئاگاییەکی باڵاوە دەنگ بەو کاندیدە کوردانە بدەن کە پێتان وایە دەتوانن دڵسۆزانە خزمەتی خۆتان و شارەکەتان بکەن، گرنگ ئەوەیە بە فراوانی بەشداری بکەن، جا دەنگ دەدەن بەکێ ئازادن و دەرفەتتان هەیە لە نێوان کاندیدە کوردەکاندا هەرە باش و دڵسۆزەکان جیابکەنەوە و سەریانبخەن کە شایستەی ئەوە بن لە ئەنجوومەنێکى خزمەتگوزاریی و بە هاوبەشى لەگەڵ ئەندامانى دیکەى ئەنجوومەن لە نەتەوە و ئایین و ئایینزا جیاوازەکان و پاڵپشت بە بنەماکانى ئاشتی و پێکەوەژیان ئەنجوومەنى پارێزگا کارا بکرێتەوە”.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژە بەوەشدەکات و دەڵێت:” کۆتاییدا جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئێوە بەرپرسیارانەتر لەو حیزب و کەسانە مامەڵە بکەن کە هیچ ڕێزیک بۆ پێگەی کەرکوک و قوربانییەکانی ئێوە دانانێن، ئێوە ببنە پارێزەری سەنگ و پێگەی خۆتان لە ئێستا و ئایندەی شارەکەتاندا”.
سبەینێ دەنگدانی تایبەت بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ١٥ پارێزگای عێراق ئەنجامدەدرێت و رۆژی دووشەممەش دەنگدانی گشتی لەو پارێزگایانە ئەنجامدەدرێت جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.