وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم ڕاێدەگەیە سەرەڕای بەگەڕخستنی هەموو تواناکان لەپێناو باشتر کردنی دۆخی کارەبا و کاتژمێرەکانی پێدانی بە هاوڵاتیان، بەڵام قەیرانی دارایی و گرفتی کەمی سوتەمەنی ئاستەنگیان درووستکردووە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەیان.
یاسین شێخ ئەبوبەکر ماوەتی وەزیری پێشووتری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند “کێشەکان بەشێکیان ئیدارین و بەشێکیان داراین،” وە بە بێ چاکسازی لە کەرتی دابەشکردنی کارەبا “بەهیچ جۆرێک و بە هیچ کاتێک حکومەت ناتوانێت کێشەی کارەبا چارەسەر بکات.”
ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبایی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، ” هەموو توانایەکی خۆیان بەگەڕ خستووە کە ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە ببنەوە کە ڕووی کردووەتە حکومەت بە گشتی و بەتایبەتیش کەرتی کارەبا، چونکە کارەبا خزمەتگوزارییەکی ڕاستەوخۆیە، هەروەها توانای خۆیان بەگەڕخستووە تا بتوانین دەقیقەیەک زیاتر کارەبا بدەن بەهاوڵاتیان و ژێر خانەکە بپارێزین، چونکە نزیکی ٧ هەزار مێگاوات کارەبا دەتوانن بەرهەم بهێنین وئێستا نیوەی وێستگەکان لەکاردان.”
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە دەست میدیاکان کەوتوون توانای بەرهەمهێنانی وێستەگانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بە حکومی و کەرتی تایبەتەوە لە نێوان ٦ بۆ ٧ هەزار مێگاوات کارەبایە، بەڵام ئێستا لەبەر کەمی سووتەمەنی و خەرج نەکردنی پارە بۆیان تەنها نزیکەی ٣ هەزار مێگاوات بەرهەمدەهێندرێت.
وتەبیژی وەزارەتی کارەبا باسی لەوەشکردووە، گەر سووتەمەنی بەشێوەیەکی هاوسەنگ لە هەموو وێستگەکانی بەرهەمێهێنان بەردەوام بەردەستبێت، لە گەڵ ئەوەشدا پارەیەک هەبێت بۆ جێ بەجێکردنی پرۆژەکان و چاکسازییەکان، ئەو کات وەزارەتی کارەبا دەتوانێت نزیک بێتەوە لەخواستەکانی خەڵک و بتوانێت لەماوەی شەو و ڕۆژێکدا ٢٠ کاتژمێر بەبەردەوامی کارەبا بە هاوڵاتیان بدات.