سەرۆك وەزیرانی عیراق بەڵێن بە مامۆستایانی وانەبێژ دەدات، كە لە بودجەی ساڵی 2023 دا پارەی پێویست بۆ مامۆستایانی وانەبێژ تەرخان بكات و داواشیان لێ دەكات بگەڕێنەوە بۆ سەر دەوامەكانیان و دڵنیایی پێداون كە دڵسۆزیان لە یاد ناكات و كێشەكانیان چارەسەر دەكات.
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە،كە ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی ئەمڕۆ شەممە 2022/12/17 لەگەڵ ژمارەیەك لە مامۆستایانی وانەبێژ لە سەرجەم پارێزگاكانی عیراق و یەكێتی مامۆستایانی عیراق كۆبووەوە، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لە بارەی كێشەكانی مامۆستایانی وانەبێژ و لەنزیكەوە ئاگاداربوون لەژمارەیان و را و سەرنجەكانیان.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە حكومەت لەگەڵ وەزارەتی دارایی و پارێزگارەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە كۆبوونەوە و هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ دیاریكردنی ژمارەی وانەبێژان و تەرخانكردنی پارەی پێویست بۆ مامۆستایانی وانەبێژ لە بودجەی ساڵی 2023 دا.
سەرۆك وەزیران داواشی لە مامۆستایان كردووە بگەڕێنەوە بۆ سەر دەوامەكانیان و دڵنیایی پێداون كە دڵسۆزیان لە یاد ناكات و كێشەكانیان چارەسەر دەكات.