بەڕێوەبەری گشتی پێشووی باجەکان و خانووبەرەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، ئەو باجەی ئێستا لە هەرێم وەردەگیرێت حەلوشە، ئیجرائات زۆر توندن، خەڵک عاجز دەبێت لەو حکومەتە بەم شێوەیەی ئێستا کە خەڵک مووچەی وەرنەگرێت چۆن بتوانێت کاڵا بکڕێت و چۆن بازاڕ بۆ بازرگانان بکرێتەوە؟ پارە هەمیشە بازنەییە.
زانیار محەمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی پێشووی باجەکان و خانووبەرەی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند:” دەبێت شارەزایان کۆببەنەوە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ژیان و دەسهاتی خەڵکی هەتا بتوانن سیستمێکی یەکگرتووی باج دابنرێت و ڕەچاوی ناوچەکان بکرێت.”
وتیشی: ئێستا لە دائیرەی باج (موکافەئە و حەوافزی) خۆی هەیە، لەم ڕۆژانەدا پرسیارم کرد ئەرێ ئەو خۆپیشاندانانەی فەرمانبەرانی سلێمانی فەرمانبەرانی باجی تێدایە؟ وتیان نەخێر؟ وتم تەواوە چونکە ئێستا مانگانە فەرمانبەرانی باج موکافەئەی خۆیان هەیە مانگانە 150 هەزار دینار هەتا 200 هەزار دینار، بۆیە ئێستا فەرمانبەرانی باج خۆپیشاندان ناکەن، ئەگەرنا سەردەمی من هەر لافاوێک هەڵبستایە یەکەم شوێن فەرمانبەرانی باج خۆپیشاندانیان دەکرد”
دەشڵێت:”ئێمە ئەو کات ساڵانە بەس لە داهاتی باج دەگەیشتینە 800 ملیار دینار بەس لەبەر مەقاسەی عێراق بە ڕەسمی دەمانوت 220 ملیار دینار، واتە ئەو ژمارەیەمان داخڵ دەکرد و دەنووسی.”
راشیگەیاندوە، سەد لە سەد لە سەپاندنی باج دادپەروەری نەبووە. کوا لە کوێی دنیا هەبووە تا لە کوردستان هەبێت؟! پێویستە حکومەت لە وەرگرتنی باجدا دەستی خۆی شل بکات و کەمخۆری دایم خۆر بێت.”
“لە سەردەمی ئێمەدا بەربەستی وەرگرتنی باج زۆر زۆر کەمبوو، چونکە زۆر بە ئاسانی باجمان وەردەگرت، ئەو ئیجرائاتە توندەی ئێستا هەیە ئەوەمان بەکارنەدەهێنا، حەزمان دەکرد خەڵک بەپێی خۆی بێت باج بدات و دائیرەکە بەهی خۆی بزانێت، وەک کەمخۆری دایم خۆر وابوین کەمە کەمە باجمان کۆدەکردەوە، بەس ئەو باجەی ئێستا لە هەرێم وەردەگیرێت حەلوشە، ئیجرائات زۆر و توندن، خەڵک عاجز دەبێت لەو حکومەتە بەم شێوەیەی ئێستا، کە خەڵک موچەی وەرنەگرێت چۆن بتوانێت کاڵا بکڕێت و چۆن بازاڕ بۆ بازرگانان بکرێتەوە؟ پارە هەمیشە بازنەییە.” بەڕێوەبەری گشتی پێشووی باجەکان و خانووبەرە وادەڵێت.