وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا تاقیكردنەوەكانی خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگاكان لە ڕۆژانی 17 و 18ی مانگ دوابخات و هۆكارەكەشی بۆ بەشداری هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بە ناوچە كوردستانیەكانیشەوە دەگەڕێنێتەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم لە گشتاندنێكدا بۆ زانكۆ و پەیمانگاكان (حكومی و ئەهلی) ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەنگ دەدەن ڕۆژانی 17 و 18ی مانگ بە نەهاتوو هەژمار نەکرێن.
ڕاشیگەیاندووە، “لەسەر راسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا و لەپێناوی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کاری پێویست بکرێت بە دواخستنی هەر وانە یان تاقیکردنەوەیەک لە ڕۆژانی 17 و 18ـی 2023 لە ڕۆژانی دواتر قەرەبووبکرێنەوە بۆ خوێندکارانی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان”.
جەختیشی كردۆتەوە، “لەو دوو ڕۆژەی لە خاڵی سەرەوە ئاماژەیان پێکراوە، سەرجەم مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکاران، کە دەنگیان دەکەوێتە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە نەهاتوو هەژمار نەکرێن”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ڕۆژی دوو شەممەی داهاتوو 18ی 12ی 2023 بەبۆنەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانەوە بكات بە پشووی فەرمی.