لە دوێنێوە بەهای دۆلار بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کردووە، ئەمڕۆ گەیشتە ١٥٦ هەزار و ١٠٠ دینار.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بە ١٥٦ هەزار و ١٠٠دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو نرخەکەی زیاتر دابەزیوە.
هاوکات پاش نیوەڕۆی دوێنێ بەهای ١٠٠ دۆلاری بە ١٥٦ هەزار و ٧٥٠ دیناری عێراقی بوو، لە کاتێکدا ڕۆژانی ڕابردوو نرخەکەی لە سەروو ١٥٧ هەزارەوە بوو.
دوینێ بانکی ناوەندی بڕی ٢٢٠ ملیۆن و ١٣١ هەزار و ٢٤٥ دۆلاری خستەبازاڕەوە، لەو بڕەش ١٨ ملیۆن و ٥٧٠ هەزاری بە نەقد بووە.
دابەزینی نرخی دۆلار لە کاتێکدایە کە بانکی ناوەندی عێراق چەندین ڕێکاری بۆ جێگیرکردنی بەهای دۆلار گرتووەتەبەر، لە ساڵی تازەوە سەرجەم مامەڵە نێوخۆییەکان دەبن بە دینار و ڕێکاری دیکەش بۆ مامەڵە بازرگانییەکان لەگەڵ دەرەوەی عێراق گیراوەتەبەر.