مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ڕەخنە لە هەوڵەکان دەگرێت بۆ گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت ” لەبەرچی ئێمە فشاردەکەین و جەختدەکەینەوە و دەڵێین کۆتا بمێنێت؟ لەبەر ئەوەی ئێمە ئێستا خۆمان لە پەرلەمانین و نوێنەرمان هەیە وا خەریکە بە یاسا مافەکانمان زەوتبکەن. ئەوکاتە ئەگەر ئێمە نوێنەرمان نەبێت، خەریکە پێمان بڵێن بارکەن لە هەولێریش ئێوە جێگەتان نەماوە، لە هەرێمی کوردستانیش نابێت بمێننەوە، بڕۆن لە وڵاتەکانی تر نیشتەجێ بن.”
لە کۆی 111 کورسی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، 11 کورسی وەک کۆتا بۆ پێکهاتەکانی تورکمان و کلدان، سریان و ئاشوور و ئەرمەن دیاریکراوە.
یەکێتی و گۆڕان و چەند لایەنێکی تر دەڵێن پارتی هەژموونی خۆی بەسەر حزبەکانی ئەو پێکهاتانە سەپاندووە بەو پێیەی حزبەکان لە پارێزگای هەولێر و دهۆکن و لە ڕابردوودا هەمیشە لە بەرژەوەندی پارتی لە پەرلەمان دەنگیانداوە. بەڵام پارتی ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت یەکێتی دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە باڵانسی هێز لە بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێت.
لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا، زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم تۆمارکرد.
ئەمە لەکاتێکدایە میدیا ناوخۆییەکانی هەرێم دەڵێن پێنجشەممەی ڕابردوو کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی داوەتە دادگەی فیدراڵی کە کورسی کۆتاکان دابەشبکات بەسەر پارێزگاکان بە جۆرێک چواریان بۆ سلێمانی، چواریان بۆ هەولێر و سێیەکەی دیکەیان بۆ پارێزگای دهۆک بن.
مونا قەوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان لە چاوپێکەوتنەکەی دەنگی ئەمەریکادا ڕایگەیاند، “پێکهاتەکان بەتەواوەتی ئەم دابەشکردنە ڕەتدەکەنەوە، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە بۆ نموونە پێکهاتەی تورکمان لە 99% ڕێژەی دانیشتووی شاری هەولێرن.”
وتیشی،”ئەو دابەشکردنە ئەجندایەکی سیاسی لەپشتەوەیە، ئەویش بۆ بەدەستهێنانی کورسی کۆتاکانە و بۆ ڕازیکردنی حزبەکەی خۆیانە، دەیانەوێت لەڕێگای پێکهاتەکانەوە ئەو دەست کەوتە بەدەست بهێنن، بۆیە ئێمە بەهەموو شێوەیەک فرە بازنەی ڕەتدەکەینەوە و چاوەڕوانی ئەوەین ئەم پرسە کۆتای خۆیی وەربگرێت.”