جۆرجی مورادۆڤ، نوێنەری هەمیشەیی نیمچە دوورگەی كریمیا لای سەرۆكی ڕووسیا، بەیاننامەكەی ئەمریكا لەبارەی كریمیاوە بە “ڕاگەیاندنی جەنگ” دادەنێت و دەڵێت، واشنتن بەدەستی ئەوانی تر جەنگەكە دەكات.
ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی (سپۆتنیك) لە زاری مورادۆڤەوە بڵاویكردەوە:”لێدوانەكەی كێربی لەبارەی نیمچە دوورگەی كریمیاوە، ڕاگەیاندنی جەنگە لەدژی ڕووسیا، ویلایەتە یەكگرتووەكان بەدەستی نازییە خوێنڕێژەكان و كەسانی تر ئەو جەنگە دەكات”.
بە وتەی نوێنەری كریمیا لە سەرۆكایەتی ڕووسیا:”لەوبڕوایەدان بەبێ بیرخستنەوەی واشنتۆن بە كوتەكە ئەتۆمییەكان كە لەسەرو گەوجێتی و شێتی واشنتۆنەوەن، ئەمریكا دەست لە دووژمنكارییەكانی هەڵناگرێت”.
دوێنێ هەینی، جۆن كێربی ڕێكخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بۆ پەیوەندییە ستراتیژییەكان ڕایگەیاندبوو، واشنتن دان بە مافی ئۆكراینادا دەنێت بۆ بەرپاكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە نیمچە دوورگەی كریمیا، چونكە نیمچە دوورگەكە بە خاكی ئۆكراینا دەزانن”.
نیمچە دوورگەی كریمیا بووە بەشێك لە ڕووسیا لەڕێی ڕیفراندۆمی ئاداری 2014 كە نزیكەی 96%ی دانیشتوانی كریمیا دەنگییاندا بۆ چوونە پاڵ ڕووسیا، بەڵام ئۆكراینا تائێستاش نیمچە دوورگەكە بە خاكی ئۆكراینا دەزانێت كە لەلایەن ڕووسیاوە بەشێوەیەكی نایاسایی دەستی بەسەرداگیراوە.
مۆسكۆ بەردەوام دەڵێت، بڕیارەكەی گەلی كریمیا بە تەواوەتی لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی و بەڵێننامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا یەكدەگرێتەوە.