وەزارەتی دارایی و ئابوری خشتەی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکانی ڕاگەیاند و لەماوەی هەشت ڕۆژدا دابەشکردنی مووچە کۆتایی دێت.
وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ڕۆژی چوار شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/١٢/١٣ دەست به دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و بە وەزارەتی تەندروستی دەست پێ دەکات و ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠٢٣/١٢/٢١ بە خانەنشینی پێشمەرگە کۆتایی دێت.
ڕاگەیاندنی لیستی مووچە لە کاتێکدایە، کە حکومەتی عێراق ڕەزامەندی ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارە قەرزەکەی بۆ هەرێم دابوو، هاوکات وەزارەتی دارایش بە سێ گوژمە ئەو پارەیە وەردەگرێت، بۆ کورتهێنانیش حکومەتی هەرێم پشت بە داهاتی ناوخۆ دەبەستێت.
ئێستا وا نیوەی مانگی ١٢یە و مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی ٩ وەردەگرن، چارەنووسی سێ مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ بە نادیاری ماوەتەوە و هیچ ئاسۆیەک بۆ دابەشکردنیان نابینرێت.