بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی سەردانی عەبدوللەتیف ئەحمەدی کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی یەکێتی بڵاویکردەوە، لە سەردانەکەدا جەخت لە پەرەپێدانی بیری ئاشتی و میانڕەوی، قووڵکردنەوەی تەبایی و پێکەوەژیان لەنێوان نەتەوە و پێکهاتەکان کرایەوە بەشێوەیەک تاکەکانی کۆمەڵگە بە هەموو بیروباوەڕە جیاوازەکانەوە هەست بە ئارامی و پارێزراوی بکەن.
ڕوونیشیکردەوە کە بافڵ تاڵەبانی، ستایشی رۆڵ و پێگەی بەرزی مامۆستایانی ئاینی کرد و رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێزەوە لە هەوڵی مامۆستایانی ئاینی دەڕوانێت کە هەمیشە لە خەمی قووڵکردنەوەی تەبایی و ئاڕاستەکردنی خەڵکدا بوون بەرەو چاکەکاری و خزمەتی گشتی، بێگومان ئێمەش پشتگیریی هەر هەوڵێکی لەوشێوەیە دەکەین کە ئامانجەکەی ئاشتی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی بێت.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، یەکڕیزی و یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد لەپێناو هەرێمێکی بەهێزتر و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر تەوەرێکیتری دیدارەکەبوو و هەردوولا هاوڕابوون، هەمووان لەپێناو ئەو ئامانجە باڵایانەدا تێبکۆشن و هەوڵەکانیان لەو چوارچێوەیەدا بێت.