چاودێریكردن و بەدواداچوونی بازاڕ لە ڕێگەی لیژنەكانەوە بەردەوامە و هەموو جۆرە فرۆشگە و مۆڵێكی گرتووەتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمیش دەڵێت: “لە دە مانگی پێشوودا، 70 سزای داخستن و 330 ملیۆن پێبژاردنی دارایی هەبووە.”
ئەمڕۆ سێشەممە، نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “لیژنەی چاودێریی بازرگانی لە بازاڕەكان و مۆڵ و نانەواخانە و شوێنە خۆراكییەكان و كۆگاكان بەدواداچوونی بەردەوامی هەیە، خواردن و كاڵای ماوەبەسەرچوو دەستیان بەسەردا دەگیرێت، شوێنی هەڵگرتنی كاڵاش لەبەرچاو دەگیرێت و بە پێی ڕێنماییەكان سزای لەسەرە.”
وتیشی :”لە دە مانگی ساڵی 2023، زیاتر لە 4 هەزار و 800 بەدواداچوون بۆ بازاڕەكان كراون، 2700 سەرپێچی، 70 داخستن، 330 ملیۆن دینار پێبژاردنی دارایی هەبووە، زیاتر لە 170 تۆن خۆراكی ماوەبەسەرچووش لەناوبراون.”
لەبارەی لێپێچینەوە لەسەر نرخی كاڵا، نەوزاد شێخ کامیل وتی: “سەیری مەنەفێستی نرخی بنەڕەتیی كاڵاكانی شوێنە بازرگانییەكە دەكەین و بەراوردی نرخی فرۆشتنەكەی دەكەین. گەر زۆر زیاد بوو خاوەنكار سزا دەدرێت. چونكە نرخ چوارچێوە و سنووری خۆی هەیە؛ ئابووریی بازاڕ واتا ئازادی لە دیاریكردنی نرخ، بەڵام بە واتای ئازادی نییە لە زۆر بەرزكردنەوەی نرخدا.”
شێخ كامیل، لەبارەی هاوكاریی هاووڵاتییانەوە بۆ بەدواداچوونی ڕایگەیاند، “هاووڵاتییان لەبارەی زۆریی نرخ و خراپیی كاڵا و بەسەرچوونیان، زۆر هاوكارن لە ئاگاداركردنەوەی لیژنەكانی چاودێریی بازرگانی، بۆیە هیوادارین بەردەوام لەسەر ئەو پرسانە لیژنەكانمان بە مەبەستی بەدواداچوون ئاگادار بكەنەوە.”
پەیوەنیدر