پارتی دیموكراتی گەلان “هەدەپە”، كە بە گەورەترین پارتی كوردیی باكووری كوردستان دادەنرێت، بەهۆی بڕیارێكی دادگای توركیا و مەترسی داخستنی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە، ناوەكەی بۆ “دەم پارتی” گۆڕی.
ئایشەگول دۆغان، وتەبێژی پارتەکە ڕایگەیاند، بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان، ناوی کورتکراوەی پارتەکە لە “هەدەپ”ـەوە بۆ “دەم پارتی” گۆڕدرا.
ڕاشیگەیاند، دوای ئەوەی دادگای باڵای تورکیا بە نووسراوێکی فەرمی داوای لێکردن ناوی کورتکراوەی پارتەکەیان، کە هەدەپە بگۆڕن، رۆژی 3ـی ئەم مانگە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکە کۆبووەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەی کورتکراوەی نوێ درا.
لای خۆشیەوە، پارتی دیموكراتی گەلان لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، نزیکەی مانگێک لەمەوبەر، ڕووبەڕووی داواکارییەکی ناڕەوا بووینەوە لەلایەن دادگای قەدەغەکردنی تورکیاوە بۆ گۆڕینی کورتکراوەی “هەدەپ” ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ناوەکەمان تەنها چەند مانگێک پێش هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بوو، ئەمەش کۆنگرەی پارێزگا و قەزاکانمان پەکدەخات و هەوڵێکی ئاشکرا بوو بۆ ڕێگریکردن لە ئێمە.
ڕاشیگەیاندووە، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان زیاتر لە ناوێکە؛ هێمای خۆڕاگری و دیموکراسی و مافەکانی خەڵکە، بۆیە بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی داهاتووی تورکیا مەترسی ناپێویست دروست نەکەین، ناومان دەگۆڕین بۆ ‘DEM Parti’
جەختیشی كردۆتەوە، ئێمە لە بەدواداچوون بۆ دیموکراسی و ئاشتیدا بێ وەستان دەمێنینەوە و بە فێڵە دادوەرییەکانی ئاکەپە بێدەنگ نابین. ئەوان لە پابەندبوونمان بە سیاسەتی دیموکراسی دەترسن، ئێمەش ناهێڵین تێکی بدەن!