شاندی هەرێمی کوردستان دەربارەی پرسی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغدا کۆدەبێتەوە.
شەوی ڕابردوو شاندی هەرێمی کوردستان کە لە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە، گەیشتە شاری بەغدا و بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی ئامانجی سەردانەکە “گفتوگۆکردنە لەسەر سیاسەتی گومرگی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنوورییەکان”.
بابەتی دەروازە سنوورییەکان و داهاتەکەی کە بەشێکن لە دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی عێراق، یەکێکی دیکەیە لە پرسانەی تا ئێستا بە چارەسەرنەکراوی لە نێوان هەولێر و بەغدادا ماونەتەوە.
بەغدا دەیەوێت دوای گەڕاندنەوەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ژێر دەسەڵاتی فیدراڵی، لە بابەتی دەروازە سنوورییەکانیشدا هەنگاوی هاوشێوە بنێت.
داهاتی دەروازە سنوورییەکانی نەك هەر تەنها لە نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵکو لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش مشتومڕی زۆری لەسەرە و هەریەك لە پارتی و یەکێتیش یەکتر تۆمەتبار دەکەن بەوەی تەواوی داهاتەکانی دەروازە سنوورییەکانی ناوچەکانی ژێر دەستیان ناگەڕێننەوە بۆ وەزارەتی دارایی.