سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان لەسەر سكاڵاكەی مامۆستایان هەڵوێستی ڕاگەیاند



ڕۆژی یەک شەممە 10ی مانگی 12ی 2023 ژمارەیەک لە مامۆستایانی پارێزگای هەڵەبجە لە بەرامبەر لێدوانێکی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، کە وتبووی “دەستوەردانی سیاسی لە خۆپیشاندانی مامۆستایان هەیە و خەڵکی تر” پارەی پاس و هۆتێل و هاتووچۆی نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بۆ بەغدا لە ئەستۆگرتبێت، سکاڵایەکیان لە دادگای هەڵەبجە لەسەر تۆمارکرد و ئەو لێدوانانەی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیان ڕەتکردەوە.

موجاهید محەمەد نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “تۆمەتەکانی لێدوانەکەی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕەتدەکەینەوە. بە نوێنەرایەتی (214) مامۆستا لە دادگای هەڵەبجە سکاڵای یاساییمان لەسەر تۆمارکرد، هیچ لایەنێکی سیاسی لەپشتمان نەبووە”.

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکیتی مامۆستایانی کوردستان لە ڕۆژی 6ی دوازدەی 2023 و لە لێدوانێکدا بە (دەنگی ئەمەریکا)ی ڕاگەیاند، “دابینکردنی پارەی پاس و هۆتێل و هاتوچۆکردن و چوونی هەندێک مامۆستا بۆ بەغدا بە فڕۆکە، ئەمە لە توانای مامۆستا نییە و توانای دارایی خەڵکی ترە دەخرێتە بەردەست، لە سەرەتاوە هەستمان دەکرد لە پرسی داخستنی قوتابخانەکان لەلایەن بەڕێوەبەرەکانەوە، بابەتێک هەیە لەوە گەورەترە، کە داخوازی مامۆستا بێت”.

ئەندامێکی دەستەی ناڕازی مامۆستایان دەڵێت: “هەرلایەنێکی سیاسی خۆی بە خاوەنی خۆپیشاندانی مامۆستایان بزانێت ئەوا سکاڵای لەسەر تۆماردەکەن، مۆڵەتی خۆپیشاندانەکەمان لە مەیدانی تەحریر لە ڕێگەی (چوارچێوەی هەماهەنگی) وەرگرتبوو”.

دانا عەبدول، ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە لێدوانێکدا بە (دەنگی ئەمەریکا)ی ڕاگەیاند ” لە پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی سکاڵا لەسەر سەرۆکی یەکێتی مامۆستانی کوردستان بە ناوی 2 هەزار مامۆستاوە تۆماردەکەین، ئێمە خۆپیشاندانەکەمان وابەستەی هیچ لایەنێکی سیاسی نیە و دەمانەوێت قوت و پارەی مامۆستایان تێکەڵ بە هیچ بابەتێکی دیکە نەکرێت” .

سەرۆکی یەکیتی مامۆستایانی کوردستان سەبارەت بە تۆمارکردنی سکاڵای مامۆستاکان ڕایگەیاند، ” ئەوان ئازادن، تەنها هۆکارەکە ئەوەیە من سەر بەلایەنێکی دیاریکراوم”.

ڕاشیگەیاند، “خەڵک ئازادە چۆن بیردەکاتەوە، ئەو قسانەی من کردوومە پێش من چەند کەس کردوویانە، یەکێک لەوانە وتەبێژی یەکێتی نشتیمانی کوردستان، کە دەڵێت سەردانی یەکیتی مامۆستایان بۆ بەغدا سیاسیە، بەڵام لەبەر ئەوەی من لە حزبێکی دیاری کراوی کوردستانم هەر ئەوەیە کێشەکە دەنا هیچی دیکە نیە، هیوادارم سکاڵاش لەسەر حکومەتی عێراق تۆماربکەن کە مووچەکانیان نادات”.

لەبەرامبەر دواکەوتنی مووچەی مانگەکانی 9 و 10 و 11 نزیکەی سێ مانگە مامۆستایانی پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بایکۆتی پرۆسەی خوێندنیان کردووە، مامۆستایان لەسەر شەقامن و سوورن لەسەر بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن.

سكاڵایەكی دیكە دژی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تۆمار دەكرێت
پێشت سكاڵایەكی دیكە دژی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تۆمار دەكرێت
وەزیری ناوخۆ داوایەک لە بەڵێندەران دەکات
دواتر وەزیری ناوخۆ داوایەک لە بەڵێندەران دەکات
ەیوەندیدار