جارێكی دیكە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی نەهاتنی 700 ملیار دینارەكەی عێراقەوە دواكەوت و هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی دیاری نەكراوە و حكومەتی هەرێمیش بە داهاتی ناوخۆ دەست بە دابەشكردنی ناكات و دەڵێت: “بەشی مووچە ناكات”.
ساڵی 2023 بەرەو كۆتایی دەچێت و تەنها 20 ڕۆژی ماوە و تا ئێستاش مووچەی 4 مانگی (9 و 10 و 11 و 12)ی مووچەخۆرانی هەرێم دابەش نەكراوە و ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە بەرپرسانی هەرێم دەڵێن: “پارەكەی بەغدا دەگات و مووچە دابەش دەكرێت” بەڵام تا ئێستا 700 ملیار دینارەكە نەگەیشتووە و مووچەخۆران چاوەڕێی مووچەی مانگی 9 دەكەن.
مانگی ڕابردوو لە 5ی مانگەوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 8ی مووچەخۆران كرا، بەڵام ئەم مانگە ئەو وادەیە تێپەڕی و هێشتا هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی مووچە نییە.
فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم هەموو مانگێك بۆ پێدانی مووچە دەبێت چەندین ڕۆژ چاوەڕێ بن و حكومەتی هەرێمیش تەنها كاتێك مووچە دابەش دەكات، كە پارەكەی بەغدا بگات، لەكاتێكدا داهاتی مانگانەی ناوخۆی هەرێم بە وتەی بەرپرسانی هەرێم: “مانگانە 340 ملیار دینارە و 120 ملیار دیناری بۆ خەرجی حكومەت و وەزارەت و دامودەزگاكان بەكاردەهێنرێتەوە”.
لەماوەی 6 مانگی ڕابردوودا، تەنها مووچەی 3 مانگ (6 و 7 و 8) دابەشكراوە، كە بۆ مووچەی مانگی 6 پارەی تەواو لە بەغداوە هات و بۆ مووچەی مانگی (7 و 8) هەر جارەی 700 ملیار دینار هاتووە و حكومەتی هەرێم 200 ملیار دیناری خستۆتەسەر.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە بڕیار بوو هەفتەی ڕابردوو 700 ملیار دینارەكەی بەغدا بگات و مووچە دابەش بكرێت، بەڵام فارس عیسا، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغدا ڕایگەیاند، “بەهۆی ئەوەی تەیف سامی لەدەرەوەی وڵات بووە، بۆیە ناردنی پارەكە دواكەوتووە، بەڵام ئەم هەفتەیە پارەكە دەگات و مووچە دابەش دەكرێت”.
هەر ئەمڕۆش بەپێچەوانەی ئەو قسانەی، كە دەوترێت “هەموو ڕێكارەكانی ناردنی پارە تەواو بوون و 700 ملیارەكە ڕەوانە دەكرێت”، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران وتوویەتی، “دوێنێ واژۆی لەسەر ناردنی پارەكە بۆ هەرێم كردووە” بەوەش تاوەكو بڕیارەكە دەگاتە وەزارەتی دارایی و ڕێكارەكانی تەواو دەبن، كاتێكی زیاتری دەوێت و مووچە زیاتر دوادەكەوێت.