وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر دەوڵەتی كوردی دابمەزرایە پێویستیان بە بەغدا نەدەبوو، دەشڵێت: “بەغدا یان ماف و شایستە داراییەكانمان بدات یان ڕێگەبدات دەوڵەتی كوردی دابمەزرێنین”.
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەرێم لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان درێغی نەكردوە لە گەیشتن بە ئەنجام لەگەڵ حكومەتی بەغدا، ئەگەر عێراق رێگەی بدایە دەوڵەتی كوردی ڕابگەیەنرێت هیچ پێویستیان بە بەغدا نەدەبوو.
ڕاشیگەیاند، پێویستە لەسەر حکومەتی عێراق ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکات، یاخود ڕێگەیان پێبدات دەوڵەتی کوردی دابمەزرێنن.
وتیشی، “بەرپرسانی بەغدا بڕوایان بە دەستوور و ڕێککەوتن نییە، ئامانجیان ئەوەیە بە زۆرینەی خۆیان هەژموونی سوننە و کورد کەم بکەنەوە”.
ئاشكراشی كرد، شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکاتەوە بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان، چونكە مێژوو سەلماندویەتی بە ئاڵۆزی کێشەکان چارەسەر نابێت و ئەگەر کێشەکانیش چارەسەر نەکرێت دۆخی عێراق خراپتر دەبێت.
راشيگەیاندووە، حكومەتی عێراق بە شاندی هەرێمیان وتووە، كە تەنها 60%ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدەن و 40%ی دەبێت هەرێم لە داهاتی ناوخۆی خۆی دابینی بكات.