سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، واژۆی لەسەر ناردنی 700 ملیار دینارەکە بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان کرد.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەرنامەیەكی (ڕووداو)دا، باسی لە ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، “دوێنێ واژۆم لەسەر ناردنی 700 ملیار دیناری قەرز بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان کرد”.
رۆژی 14ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر تایبەت بە بودجە و مووچە سەردانی بەغدای کرد و جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کۆبووەوە.
دوابەدوای ئەو كۆبوونەوەیە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتە مانگانە 700 ملیار دینار، ئەوەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. تاوەکو ئەمڕۆ دوو جار پارەکە نێردراوە و بەگوێرەی رێککەوتنەکە یەک گوژمەی دیکەی 700 ملیاری ماوە.
هەفتەی ڕابردوو، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، چاوەڕێی گەیشتنی 700 ملیار دینارەكەی مووچەن لە بەغداوە، لەگەڵ گەیشتنی دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 9 دەكەن.