سبەی یەک شەممە، پشووی فەرمییە لە عێراقدا و هۆکاری ڕاگەیاندنی پشووەکەش بەهۆى هەشتەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی عێراقە لە دەست گروپە چەکدارەکان.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بە بۆنەی هەشتەم ساڵیادی رزگارکردنی عێراق کە بەرۆژی رزگاری و سەرکەوتن بەسەر گروپە چەکدارەکاندا دەناسرێت سبەی ١٠ی کانوونی یەکەم، پشووی فەرمییە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، پشووەکەی ڕۆژی یەک شەممە ١٠ی ئەم مانگە، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
حەوت ساڵ لەمەوپێش، فەرماندەی ئۆپهراسیۆنی جەزیرە و فوڕات رایگەیاند، تەواوی خاکی عێراق لە گروپە چەکدارەکان پاککراوەتەوە و ئەو ڕۆژە بە رۆژی رزگارکردنی عێراق لەلایەن حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراقەوە ناسێندرا.
گروپە چەکدارەکان لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا موسڵ و زۆربەی ناوچە سوننەنشینەکانی عێراقیان کۆنترۆڵکرد و دەستیان بە سەر بڕێکی زۆر لە پارە و چەک و تەقەمەنی سوپای عێراقدا گرت.