سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، یه‌كه‌مین كاری ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ركردنی رێنمایی ئاشكراكردنی سه‌روه‌ت و سامان بوو، كه به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه.
حاكم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ هه‌ینی لەمیانی بەڕێوەچوونی ماراسۆنێك له هه‌ولێر به بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ڕایگەیاند، گه‌نده‌ڵی ئابووری وڵات به‌ره‌و داڕمان ده‌بات و كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زیاتر ده‌كات و سه‌روه‌ری یاسا، كه مه‌رجی سه‌ره‌كی گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵایه‌تییه ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
ڕاشیگه‌یاند، به‌هۆی مه‌ترسییه‌كانی گه‌نده‌ڵی په‌رله‌مانی كوردستان له ساڵی 2011 یاسای ژماره 3ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی ده‌ركرد و یه‌كه‌مین كاری ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی، ده‌ركردنی رێنمایی ئاشكراكردنی سه‌روه‌ت و سامان بوو، كه به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه.
وتیشی: “سه‌ره‌ڕای ناله‌باری دۆخی سه‌ختی ئابووری و به‌ره‌نگابوونه‌وه‌ی تیرۆر و بڕانی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له دوای ساڵی 2014ـه‌وه، هه‌نگاوه‌كان بۆ دامه‌زراندنی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێم ده‌ستیپێكرد، له‌وكاته‌وه ده‌سته‌كه له بواره‌كانی خۆپارێزی و چاودێری كار و چالاكی دام و ده‌زگاكان و لێكۆڵینه‌وه له كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی، هه‌نگاوی باشی ناوه”.