وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئاشكرای دەكات، كە بەم نزیكانە دەست بە دابەشكردنی دەرماڵەی خوێندكارانی هەژار و كەمدەرامەت دەكرێت، كە لە چوارچێوەی خێزانەكانی چاودێری كۆمەلایەتی تۆماركراون.
لەماوەی ڕابردوودا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری پێدانی مووچەی هاوكاری بەشێوەی دەرماڵەی مانگانە پەسەند كرد بۆ خوێندكارە هەژار و كەمدەرامەتەكان لەسەرجەم قۆناغەكانی (سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی).
كەریم سەید، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق ڕایگەیاندووە، دەرماڵەی خوێندكاران، كە بەشێوەی مووچەی هاوكارییە بۆ خوێندكاری ئەو خێزانانەیە، كە لە چاودێری كۆمەڵایەتی تۆمار كراون و بەم نزیكانە دەست بە دابەشكردنی دەكەن.
ڕاشیگەیاندووە، هۆكاری دواكەوتنی خەرج كردنی ئەو پارەیە لە دوو مانگی ڕابردوودا بریتی بووە لە ڕێكارە كارگێڕییەكان و ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری و لیستەكان لەنێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی كار بۆ زانینی ناوی ئەو خێزانانەی دەیانگرێتەوە.
ئاشكراشی كرد، ئەو دەرماڵەیەی خەرج دەكرێت بەم زووانە بۆ هەردوو مانگی تشرینی یەكەم و تشرینی دووەم (10 و 11) دەبێت.