بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی زەنگی ئاگاداركردنەوە لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لێدراوە و دەنگی تەقینەوە لە دەورووبەری باڵیۆزخانەكە بیستراوە.
میدیا عێراقییەكان لە زاری سەرچاوەی ئەمنییەوە بڵاویانكردەوە، دەنگی تەقینەوە لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بیستراوە و لە ناو باڵەخانەکەیدا ئاگادارکەرەوە چالاک کراوە.
زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە دەوروبەری باڵیۆزخانەکە بە ژمارەیەک مووشەک کراوەتە ئامانج.
لە بەرامبەردا بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکی لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی (فرانس پرێس)دا پشتڕاستی کردەوە، کە ئاگادارکەرەوە لێیداوە و دەنگی تەقینەوە لە دەورووبەری کۆمەڵگەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بنكەی “یونیون ٣”ی نزیکی بیستراوە، کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعشی تێدایە.
ئەو بەرپرسە کە پێی باشبوو ناوی ئاشکرا نەکرێت، وتی، “چاوەڕوانی زانیاری فەرمیین سەبارەت بە سروشتی هێرشەکە”.