لە لێکۆڵینەوەیەکی ئەم دواییەدا دەرکەوتووە، بەکارهێنانی مۆبایل بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە ڕۆژێکدا ڕەنگە مەترسی تووشبوون بە کێشەی تەندروستی دەروونی کەم بکاتەوە.
توێژەرانی زانکۆی هانیانگ لە کۆریا بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسانەی تەمەنیان لە تەمەنی ١٣ بۆ ١٨ ساڵدایە و ڕۆژانە کەمتر لە دوو کاتژمێر مۆبایلەکانیان بەکاردەهێنن، ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆکی و کێشەی خەوتن و فشاری دەروونی و بیرکردنەوەی خۆکوشتن و مەیخواردنەوە کەمترە، بە بەراورد بەو هاوتەمەنانەی کە مۆبایل بەکارناهێنن.
بەڵام ئەو کەسانەی مۆبایلەکانیان بۆ ماوەی زیاتر لە چوار کاتژمێر بەکارهێناوە، بە ڕێژەی 22% مەترسی تووشبوون بە گرێ و نەخۆشییە دەروونییەکان زیاد دەکات.
لە کاتێکدا زۆربەی توێژینەوەکان دەریانخستووە کە تیشک خستنە سەر شاشەی مۆبایل بۆ ماوەیەکی زۆر زیانی گەورەمان پێدەگەیەنێت، توێژەران دەڵێن دۆزینەوەکانیان دەریدەخەن کە ماوەی کورت بەکارهێنانی مۆبایل دەتوانێت “سودبەخش بێت”.
توێژەران لە ڕاپرسییەکی ئۆنلاین سەبارەت بە ڕەفتاری گەنجانی کۆریا، کە ١٠٣ پرسیاری تێدایە سەبارەت بە تەندروستی جەستەیی و دەروونی چاویان لە داتاکانی ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠٢٠ ی ٥٠ هەزار هەرزەکار کردووە،.
توێژەران سەیری پەیوەندی نێوان بەکارهێنانی تەلەفۆن و دەرئەنجامە تەندروستییەکانیان کردووە، بە لەبەرچاوگرتنی هۆکارەکانی دیکە، وەک: تەمەن، ڕەگەز و باری ئابووری کۆمەڵایەتی.
بەبەراورد لەگەڵ دەرئەنجامە تەندروستییەکانی ئەو کەسانەی کە مۆبایلەکەیان بەکارنەهێناوە،و ئەوانەی کە مۆبایلەکانیان بەکارهێناوە بۆ ماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، ئەگەری تووشبوونیان بە فشاری دەروونی بە ڕێژەی 30% کەمترە و ئەگەری خەوتنی خراپیان بە ڕێژەی 27% کەمترە.
هەروەها بەڕێژەی 38% کەمتر تووشی خەمۆکی بوون، 43% کەمتر ئەگەری خۆکوشتنیان هەبووە، 47% کەمتر ئەگەری خراپ بەکارهێنانی مەییان هەبووە.
تیمەکە بۆیان دەرکەوتووە کە بەکارهێنانی مۆبایل کاریگەری نەرێنی لەسەر دەرئەنجامە تەندروستییەکان هەبووە کاتێک چوار بۆ شەش کاتژمێر یان زیاتر دەخایەنێت، لە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە بەکارهێنەر نین.
هەروەها زیادبوونی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا ژیانت ئاڵۆز دەکات ، چونکە مرۆڤەکان خۆیان و ژیانی خۆیان بەراورد دەکەن بە ژیانی کەسانی دیکە لەڕێگەی ئۆنلاینەوە.
هەروەها ئەگەری تووشبوونیان بە فشاری دەروونی و خەمۆکی و خراپ خەوی و خۆکوشتن زیاتر بوو.