وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەتی دەكاتەوە سێ مووچەی ئەمساڵ پاشەكەوت بكرێت و دەڵێت: “هەركات مامۆستایان مووچەكانیان وەرگرت دەبێت دەست بە دەوام بكەنەوە”.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێم لەپاڵ مووچەخۆران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆی ڕادەوەستێت و دەیەوێت ئەو مافەیان بۆ وەرگرێتەوە، كە مووچەیە و مافی خۆیان و خێزان و منداڵەكانیانە.
وتیشی، “هیوایەك هەیە بۆئەوەی ڕێكبكەوین و مووچەی ئەو سێ مانگەی مووچەخۆران دابین بكرێت و هەوڵی جدی هەیە لەلایەن هەردوو سەرۆك وەزیران بۆ چارەسەری ئەو كێشانە، بەڵام ئەگەر بزانین ئەو دۆخە درێژە دەكێشێت، ئەوا وەكو حكومەتی هەرێم قسەی دیكەمان دەبێت”.
سەبارەت بە بایكۆتی خوێندن و داواكاری مامۆستایان، وتەبێژی حكومەت ڕاشیگەیاند، بابەتەكە پەیوەستە بە مووچەوە، مامۆستایان دەڵێن، تاوەكو مووچەكانیان وەرنەگرن ناچنەوە هۆڵەكانی خوێندن، بۆیە ئەگەر دانووستانەكان ئەنجامیان هەبێت و ئەو سێ مووچەیەی ماوە و پێویستە بدرێت، ئەوا پێویستە مامۆستایانیش بگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن و چارەنووسی خوێندكاران نەفەوتێت.
سەبارەت بە پاشەكەوتی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ، پێشەوا هەورامانی دەڵێت: “ئەگەر مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەكانی دیكەی عێراق فەوتا و مووچەی خەڵكی هەرێمیش نەدرا، ئەوا دەتوانین بڵێن دۆخی عێراق بەوجۆرەیە و هەموومان یەكسانین، بەڵام ئەگەر مووچەی ئەوا درا و هی هەرێم نەدرا، ئەوا مافی خەڵكی هەرێمە بپرسێت ئایا ئێمە براین پێكەوە؟”.