وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ پارتی لەسەر سێ پرس ڕێككەوتووین و دەشڵێت: “سەرۆکی یەکێتی داوای لە سودانی کردووە کێشەی مووچەی هاووڵاتیان چارەسەر بکات”.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەگەڵ پارتی لەسەر پاراستنی قەوارەی هەرێم و مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمان و زیادکردنی هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتوەکان ڕێککەوتوون.
ڕاشیگەیاندووە، هێشتا هەرێمی کوردستان و عێراق پێویستیان بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانان هەیە، چونکە کێشەی سەرۆکی پەرلەمان و کێسەی بودجە و شانە نووستوەکانی داعش هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە نیگەرانییەکانی مووچە تێدەگەن و هیوادارن بە زوترین کات چارەسەر بکرێت، ئەو مامۆستایانەی بایکۆتیان کردوە ڕاستە داواکردنی مافەکانیان ڕەوایە، بەڵام دەربڕینی ناڕەزاییەکانیان دروست نییە.
وتیشی، “لە کۆبوونەوەی سەرۆکی یەکێتی و سەرۆک وەزیرانی عێراق گفتوگۆ لە بارەی مووچە و بودجە و ئاستی خزمەتگوزاری هاووڵاتیانی عێراق و هەرێم کراوە، دواکەوتنی مووچە لەوە زیاتر خراپە و یەکێک لە داواکارییەکانی سەرۆکی یەکێتی زیادکردنی هەوڵەکانە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری هاووڵاتیان زیاتر بکرێت و چارەسەر مووچەکانیان بکرێت”.