ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی لە میانی سەردانی بۆ لای باڵیۆزی تورکیا، پرسی ئاو و وزە و ئاسایشی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی بڵاویکردەوە، سەڵاحەدین بەهادین لە بەغدا سەردانی عەلی ڕەزا گونەی، باڵیۆزی تورکیای کرد.
ڕوونیشیکردەوە، “له میانهی دیدارێكدا كە كاتژمێرێكی خایاند، باسیان لە دواین گۆڕانكارییەكانی هەرێم و عێراق و ناوچەكە كرد، بەتایبەت پرسی ئاو و وزە و ئاسایشی ناوچەكە گفتوگۆی زیاتریان لە بارەوە كرا”.
لەبەشێكی دیکەی دیدارەكەدا، ئەمینداری یەکگرتوو و باڵیۆزی تورکیا “ئاماژەیان دا بەو دەستدرێژی و هێرش و داگیركاریانەی زایۆنی و كوشتنی ژن و منداڵ و كاولكردنی هەموو پێداویستیەكانی ژیان”.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا “تەئكیدیان لەوە كردە كە دەبێت هەموولایەك هەوڵەكانی خۆیان چڕ بكەنەوە بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرش و بۆردوومانانە(ی ئیسرائیل) و گەیشتن بە چارەسەرێكی خێرا و گەرانەوەی ئاشتی و سەقامگیری و ئارامی بۆ ناوچەكە”.