ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان و کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر کۆبوونەوە و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق بەردەوامن؛ داواشی لە کۆنسوڵی ئێران کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا رۆڵی هەبێت.
وەزیری دارایی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە کە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، ٥-١٢-٢٠٢٣، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە نەسروڵڵا رەشنوودی، کۆنسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر دواین هەنگاوەکان و گفتوگاکانی نێوان هەرێم و بەغداد لە سەر پرسی بودجەو مووچە بۆ وەفدی میوان خستەڕوو، ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵەکانیان بەردەوامە بەئاڕاستەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق بەو هیوایەی بتوانن بۆ ساڵی داهاتوو پرسی مووچەی فەرمانبەران لە هەموو کێشەو ململانێیەک دوور بخەنەوە و بەیەک پێوانە مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێم وەک تێکڕای مووچەخۆرانی پارێزگاکانی تری عێراق بکرێت،لەو ڕوەشەوە داوای لەکونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد لە ڕێی پەیوەندیەکانیانەوە هاوکاربن بۆ چارەسەی کێشەکان.
هەروەها لای خۆیەوە نەسروڵڵا ڕەشنوودی کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی وەزارەتی دارایی دەربڕی و ڕایگەیاند تواناو پەیوەندییەکانی خۆمان بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی کێشەکانی هەرێم و بەغداد لەسەر پرسی بودجەو مووچە بەزوترین کات چارەسەر بکرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە وەزیری دارایی پابەندی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی بۆ خەرج کردنی شایستەی کۆمپانیاکان دوپات کردەوەو ڕایگەیاند بەچارەسەربونی کێشە سیاسیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی، کە کێشەی گەورەی ئابوری و دارایی قورسی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە، کێشەی سەرجەم کۆمپانیا ئێرانیەکان و کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکانیش چارەسەر دەبێت، بەتایبەت کێشەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.