خواستی جیهانی بۆ چەک و پێداویستی سەربازی زیادیکردووە



 

ئامارەکانی ئەم دواییەی دامەزراوەی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی ئاشتی ستۆکهۆڵم (SIPRI) دەریخستووە، بەهۆی کێشەی بەرهەمهێنان، داهاتی کۆمپانیا گەورەکانی دابینکاری چەکی لە ساڵی 2022دا، کەمیکردووە، بەڵام خواستێکی فراوانی جیهانی هەیە بۆ زیادکردنی توانا سەربازییەکانی وڵاتان.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگاکە کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو 4-12-2023 بڵاویکردووەتەوە، فرۆشتنی چەک و خزمەتگوزاری سەربازی 100 گەورەترین کۆمپانیای چەک لە جیهاندا لە ساڵی 2022دا 597 ملیار دۆلار بووە کە بەراورد بە ساڵی 2021 بە ڕێژەی 3.5% کەمیکردووە.

 

هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا گرژییە سیاسییەکان و لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، خواستی جیهانی بۆ چەک و کەرەستەی سەربازی زیادکردووە.

 

دیێگۆ لۆپێز دا سیلڤا، توێژەری دامەزراوەی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی ئاشتی ستۆکهۆڵم (SIPRI) دەڵێت: ئەم دۆخە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی داهاتی کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنەری چەک لە ئەمریکا، چونکە ڕووبەڕووی “کێشەی زنجیرەی دابینکردن و کەمیی کار” بوونەتەوە کە دەرهاویشتەی بەرەنجامەکانی پەتای کۆرۆنا بەتەواوی تیایدا ڕەنگی داوەتەوە.

 

تەنها ئەمریکا لە ساڵی 2022دا 7.9% دابەزینی لە فرۆشی چەک تۆمارکردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش 51%ی داهاتی جیهانی چەک لە هەمان ساڵدا پێکدەهێنێت، 42 کۆمپانیای ئەمریکی لە لیستی 100 گەورەترین کۆمپانیای دابینکاری چەکی جیهاندان.

 

دابینکەرانی چەکی ئەمریکی بە تایبەتی بەرەوڕووی پچڕانی زنجیرەی دابینکردن دەبنەوە، چونکە ئەو سیستمە چەکانەی کە بەرهەمی دەهێنن زۆرجار ئاڵۆزترن لە شوێنەکانی دیکە.

 

دا سیلڤا دەڵێت: “ئەمە بەو مانایەیە کە زنجیرەی دابینکردن ئاڵۆزترە و قۆناغی زیاتر لەخۆدەگرێت، ئەمەش وایکردووە دابینکردن زیاتر لاواز بێت”.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەک لە ڕووسیاش داهاتیان بە ڕێژەی 12% دابەزیوە و گەیشتووەتە 20.8 ملیار دۆلار.

 

توێژەرەکەی دامەزراوەی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی ئاشتی ستۆکهۆڵم (SIPRI)  ئاماژەی بەوەشداوە، دابەزینی داهاتی کۆمپانیا ڕووسییەکان بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سزایانەی بەسەر مۆسکۆدا سەپێنراون.

 

هاوکات بەردەستبوونی داتای بەرهەمهێنەرانی چەک لە ڕووسیاش وەک پێویست نییە و بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی (SIPRI) تەنیا دوو کۆمپانیای ڕووسی لە لیستی 100 کۆمپانیا سەرەکییەکەدا جێگیرکراون “بەهۆی کەمی داتای بەردەست”.

 

دامەزراوەی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی ئاشتی ستۆکهۆڵم (SIPRI) ئەوەی خستووەتەڕوو بەهێزترین زیادبوونی داهات، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ کۆمپانیا تورکییەکانە، کە ڕێژەکەی گەیشتووەتە 17.9 ملیار دۆلار لەوانە، کۆمپانیای بایکار کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرهەم دەهێنێت کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ئۆکراین بەکاردەهێنرێت، داهاتەکەی بە ڕێژەی لەسەدا 94 هەڵکشانی بەخۆیەوە بینیوە.

 

کۆی قەبارەی فرۆشتنی دابینکەرانی چەک لە ئاسیا و کەناراوەکانی ئەتلەسی بە ڕێژەی لەسەدا 3.1 زیادیکردووە و لە ساڵی 2022 دا گەیشتووەتە 134 ملیار دۆلار.

 

چین کە یەکێکە لە گەورەترین هەناردەکارانی چەک لە جیهاندا، کۆی داهاتی هەشت کۆمپانیای کە لە پۆلێنبەندیەکەدا هاتووە بە ڕێژەی لەسەدا 2.7 زیادیکردووە و گەیشتووەتە 108 ملیار دۆلار.

 

هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ئەوروپی بەڵێنیان داوە خەرجییە سەربازییەکان لە ژێر ڕۆشنایی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین زیاد بکەن.

 

توێژەرەکەی دامەزراوەی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی ئاشتی ستۆکهۆڵم (SIPRI)  دەڵێت: “ئەم داواکارییە لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت، بۆیە پێشبینی دەکەین خەرجییە سەربازییەکان بەردەوام بن لە زیادبوون “.

پارەکە گەیشت و مووچەی مانگی 11 دابەش دەکرێت
پێشت پارەکە گەیشت و مووچەی مانگی 11 دابەش دەکرێت
بانکی ناوەندیی عێراق کار بە یۆرۆ دەکات
دواتر بانکی ناوەندیی عێراق کار بە یۆرۆ دەکات
ەیوەندیدار