لەماوەی ڕابردوودا حکومەتی عێراق ١٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵی وەک وادەی بەرێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش لەکاتێکدایە چەندینجار دەنگۆی دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ ساڵی ئایندە بڵاوبووەتەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی لەبارەی دنگۆی دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هاتە دەنگ و ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەژێر چاودێری ورد و لەوادەی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و سەرجەم هێزە چەکدارەکانی راسپاردووە هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ پاراستنی دۆخەکە و چاودێری بخەنەگەڕ بۆئەوەی هەڵبژاردنەکە بەبێ کێشە بەریوەبچێت.
هەر سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنەکان و دواخستنی لە پارێزگای کەرکووک، دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵایەکی تایبەتی بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک دواخست.
دیلان غەفوور، نوێنەری كەركووك لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند:” لە دانیشتنی دادگادا بڕیاردرا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق وەك لایەنی سێیەم بێتە ناو دادگاییەكەو وتەی لێوەربگیرێت.”
دیلان غەفور، ئاماژەی بەوەشكرد:” لەبەر ئەو هۆكارە دادگا بڕیاریدا بە دواخستنی دانیشتنەكە بۆ رۆژی سێشەممەی هەفتەی داهاتوو. ”
پێشتر لە میدیاكانی عێراق دەنگۆی ئەوەبڵاوبویەوە كەبەهۆی ناكۆكی ژمارەیەك لەلایەنە ساسییەكانی عێراق، پێدەچێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دوابخرێت.