نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، بەرزبوونەوەی نرخی خەرجی دۆلار كاتییە.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن نوسینگەی سودانییەوە بڵاوكرایەوە”حكومەت جەخت لەسەر پابەندبوونی خۆی دەكاتەوە بە سەقامگیركردنی بازاڕی ناوخۆ، لەڕێی جێگیركردنی نرخی خەرجی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عیراقی، لەو ڕووەشەوە پشتیوانی لە هەنگاوەكانی بانكی ناوەندی دەكات”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كاتییە و پەیوەندی بە گۆڕینی میكانیزمی كاری فرۆشتنی دراوی بیانییەوە هەیە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە كە ئەویش دڵنیایی دەداتە هاوولاتیان لەبارەی ڕەوشی دارایی عیراق كە لە باشترین ڕەوشدایە”.
نوسینگەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، جەخت لەسەر پێویستی هەماهەنگی هەموو وەبەرهێنەران و بازرگانان دەكات لەگەڵ بانكەكان و بانكی ناوەندی لەڕێی كاركردن بەپێی ڕێكارە بازرگانییە كارپێكراوە جیهانییەكان.