بریكاری وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر سووتەمەنی پێویست هەبێت دەتوانن بەبێ مۆلیدە 24 كاتژمێر كارەبا دابین بكەن و دەشڵێت: “تۆڕی كارەبا هاك نەكراوە”.
لە رۆژی پێنج شەممەی ڕابردوودا كوژانەوەی گشتی لە تۆڕی كارەبای هەرێم ڕوویدا و دواتر وەزارەتی كارەبا بڵاویكردەوە، كە گرفتی كوژانەوەی گشتیی كارەبایان چارەسەر كردوە و دۆخی كارەبا ئاسایی بۆتەوە.
كامیل قەزاز، بریكاری وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بە (كەی ئێن ئێن)ی ڕاگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە هاككردنی تۆڕەكانی كارەبا دەكەن دوورە لە ڕاستییەوە، بەڵكو هۆكارەكەی كێشەكی تەكنیكییە و لیژنەی لێكۆڵینەوەمان پێكهێناوە.
باسی لەوەشكرد، “ئێمە ژێرخانمان هەیە، كە لە 7000 مێگاوات تێپەڕیووە، بەڵام كێشەكەمان نەبوونی سووتەمەنی تەواوە، ئەوەی ئێستا وەبەردەهێنرێت لە كۆرمۆر و دانا غاز، دێتە لای ئێمە، بەڵام هێشتا بەشی بەكارخستنی یەكەكانمان ناكات، یەكەمان هەیە ئێستا وەستاوە”.
وتیشی، “ئەگەر سووتەمەنی پێویست هەبێت بەپێی ئەو ژێرخانەی ئێمە هەمانە لە دیمانلۆدی ئێستا لەكارەبا دەتوانین بەبێ موەلیدە 24 كاتژمێر كارەبا دابین بكەین، چونكە ئێستا دیمانلۆدەكەم 5000 هەزارە، ژێرخانەكەم 7000 هەزارە، بۆیە ئەگەر سووتەمەنی تەواو هەبێت دەتوانین بێ موەلیدە كارەبای 24 كاتژمێری دابین بكەین”.
ڕوونیشیكردەوە، كە چەند هۆكارێك ڕۆڵی هەیە، بە بابەتی سیاسیشەوە كە زۆر ڕۆڵی هەیە لەو لە بابەتی كەمی كارەبا و وتی: “كێشەی سیاسی چارەسەر بێت، پلان چاك دەبێت، كە پلان چاكبوو، ئابوری چاك بوو یەكێك لە كێشەكانی ئابووری كارەبایە، هەتا ئەوانە چارەسەر نەبن كێشەی كارەبا چارەسەر نابێت ئەوە بۆچوونی منە”.