ئەمڕۆ شەممە 2-12-2023 سەرۆک کۆماری عێراق، بەشی عیراقی لە ئێکسپۆ کردەوە و جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم بەشە نوێنەرایەتی دەرفەتێکی دیکە دەکات بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری لەگەڵ دەوڵەتی ئیمارات و وڵاتانی جیهان بەشێوەیەک، کە بەرژەوەندی هاوبەش بەدەستبهێنێت.
لە سیمینارێکی گفتوگۆئامێزیشدا، کە لە بەشی عیراق بەڕێوەچوو، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا، کە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە گەل و شارستانیەت و مێژووەکەی و بە سامان و پێگەی دیار و بەرچاوی لە جیهاندا. جەختی لەسەر بایەخی کردنەوەی ئەم بەشەش کردەوە، کە بە یەکێک لە ئامراز و رایەڵەکانی پەیوەندیکردن دادەنرێت بۆ پتەوکردنی پێگەی عێراق و بەرجەستەکردنی کولتور و فرەچەشنی برایەتی پێکهاتەکانی.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە پرسی ژینگە لەئێستادا گرنگترین پرسە بۆ مرۆڤایەتی و تەنها لە وڵاتێکی دیاریکراودا نییە، بەڵکو هەموو جیهان دەگرێتەوە، لەم چوارچێوەیەدا ئەو بەرپرسیارێتییەی رونکردەوە، کە لەئەستۆی مرۆڤایەتییە بەرامبەر بە باشترکردنی ژینگە و پێویستی پلاندانان و گرنگیدانی زیاتر پێی بەشێوەیەکی بەردەوام.
هەروەها جەختی لەسەر پێویستی پێشخستنی رەوشی کشتوکاڵی جیهانی و بایەخدان به میکانیزمەکانی کەڵک وەرگرتن له ئاوی بەردەست کردەوە، جگه له پێویستی کەڵک وەرگرتن لەسەلامەتترین ئامرازەکانی پاشەکەوتکردنی وزه بەبێ زیادکردنی رێژەی پیسبونی ژینگەیی.
دکتۆر لەتیف جەختیکردەوە، کە عێراق لەپێناو گەیشتن بە ئەنجامی ئەرێنی بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی، هاوکارە لەگەڵ چوارچێوەی نێودەوڵەتی و هەرێمی، چونکە پرسی ژینگە گرێدراوە بە هەموو جیهانەوە.
جێی ئاماژەیە ژمارەیەک لە بەڕێزان وەزیران و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ژمارەیەک لێپرسراو و راوێژکار ئامادەی کردنەوەی بەشی عیراق بون لە ئێکسپۆ.