پەرلەمانتارێکی کورد لە عێراق ڕایگەیاند، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی گرفتە داراییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی کاریگەری لەسەرە، ئاماژەی بەوەشکرد، ” بەم نزیکانە مووچەی مانگی ئەیلوول دەگات”.
ئەمڕۆ شەممە، سۆران عومەر پەلەرمانتار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند، ” مووچەی فەرمانبەران زۆرترین کاریگەری لەسەرە بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی کە لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵیدا هەیە، بەمزووانە مووچەی مانگی ئەیلوول دەگاتە دەستمان، بەڵام چارەنووسی سێ مووچەکەی دیکە نادیارە”.
سۆران عومەر ئەوەشی خستەڕوو، “ئەگەر کێشەی نەوتی هەرێم چارەسەر نەکرێت، کێشەی مووچە چارەسەر نابێت، ئەمە جگە لە چارەسەرکردنی پرسی بەشەبودجەی هەرێم لە بودجەی گشتی، چونکە حکومەتی فیدراڵی جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت مووچە لە پشکی هەرێمەوە بنێردرێت، هەرچەندە تا ئێستا کێشە لە پشکی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیدا هەیە”.
سەبارەت بە گرفتەکانی پەیوەست بە بەشەبودجەی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، “کێشەی تێچووی دەرهێنانی نەوتی هەرێم یەکێکە لە کێشە گرنگەکان و تا ئێستا چارەسەر نەکراوە، جیاوازییەکی گەورە لە نێوان گرێبەستەکانی دەرهێنانی نەوت هەیە لەنێوان هەرێم و عێراق”.
سۆران عومەر پێی وایە، چارەسەری کێشەی مووچە لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٤دایە، خەرجی فیعلی بۆ مووچە دەبێت لە بودجەی گشتی وەربگیرێت، هەموارکردنەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە پێویستە بخرێتە بەردەم حکومەتی فیدراڵی، دوای ئەوە بخرێتە بەردەم پەرلەمان، بەڵام ئێستا پەرلەمان لە پشووی یاساداناندایە و دەبێت پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد، “مووچەی مانگی ئەیلوول بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر دەگاتە دەستمان، بەڵام نیگەرانی هەیە سەبارەت بە چارەنووسی مووچەی سێ مانگەکەی دیکە و تا ئێستا بەغدا لەم بارەیەوە هیچ بڕیارێکی نەداوە”.