بەپێی ئاماری یەکێک لەڕێكخراوەکان لە ماوەی كەمتر لە دوو مانگدا ٢١ كرێكار لەكاتی كاركردندا لە شارەكانی هەرێم و بەغدا گیانیان لەدەستداوە.
ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکاران لەلایەن ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی بڵاوکراوەتەوە و هۆكارەكەشی بۆ “نەبوونی مەرجەكانی سەلامەتی و تەندروستیی پیشەیی” گەڕاندووەتەوە.
ڕێکخراوەکە داوای کردووە هەرچی زووە كاربكرێت بۆ ڕێگەگرتن لەو دۆخە خراپەی ڕەوشی سەلامەتی و تەندروستی و ژینگەی کارکردنی کرێکاران و پاراستنی سەلامەتییان لەکاتی کارکردندا.
ئامارەكە ڕووداوەكانی 10ی تشرینی یەكەمی ڕابردوو تا ٢٧ی ئەم مانگە لەخۆدەگرێت و بەپێی رێكخراوەكە ١٩ ڕووداوی جۆراوجۆر لە شوێنەكانی كاردا تۆماركراون و بەهۆیانەوە جگە لە گیانلەدەستدانی ٢١ كرێكار و ٨ی دیكەش برینداربوون.
کۆی گشتی ڕووداوەکانی گیانلەدەستدانی کرێکاران لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و ناوچەكانی دەوروبەریان و لە بەغدا ڕوویانداوە.