ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل درێژکرایەوە



بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان هەریەکە لە بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل کە لەسەرەتادا بۆ ماوەی چوارڕۆژ و بەنێوەندگیری میسر و قەتەر ئاگربەستیان ڕاگەیاند، دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیە ئاگربەست بۆ دوو رۆژی دیکە درێژکرایەوە کە ئەمڕۆ کۆتایی بەوادەی ئاگربەستەکە دەهات، بەڵام بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل جارێکی دیکە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر ئاگربەستەکەیان درێژ کردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بزوتنەوەى حەمماس ڕایگەیاند، لەگەڵ ئیسرائیل ڕێککەوتون لەسەر درێژکردنەوەى ئاگربەستەکەیان بۆ ڕۆژێکى دیکە و تا سبەینێ هەینى ئاگربەستی نیوانیان بەردەوام دەبێت.

حەمماس لە بەیاننیمەکەدا تەنها باسى لە درێژکردنەوەى وادەى ئاگربەست کردووە و ئاماژەى بە هیچ شتێکى دیکە نەکردووە و لاى خۆیەوە وەزارەتى دەرەوەى قەتەریش درێژکردنەوەى ئاگربەستەکەى بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: بۆ ماوەى ٢٤ کاتژمێرە و بە گوێرەی هەمان مەرجەکانى پێشوو درێژکراوەتەوە.

ئەمڕۆ ٥٥ــەمین ڕۆژى شەڕى نێوان حەمماس و ئیسرائیلە، هەر ئەمڕۆ بۆ جارێکى دیکە ئەنتۆنى بلینکن وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا گەیشتە تەلئەبیب و بەپێى زانیاریی ئاژانسەکانى هەواڵ ئەم سەردانەى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا بۆ گفتوگۆکردن بووە لەبارەى درێژکردنەوەى ئاگربەست.
لە ٢٤ی ئەم مانگەدا، بەپێى ڕێککەوتنێک کە هەریەکە لە میسر و قەتەر نێوەندگیرییان کرد هەریەکە لە بزوتنەوەى حەمماس و ئیسرائیل ئاگربەستیان بۆماوەى چوار ڕۆژ راگەیاند، دواى کۆتاییهاتنى وادەکە ئەم ئاگربەستە بۆ دوو ڕۆژی دیکە درێژکرایەوە و ئەمڕۆش بۆ جارى دووەم و بۆ ڕۆژى حەوتەم ئاگربەستەکە درێژکرایەوە.
میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوەکردووە، لە ئێستادا ١٦١ بارمتە و دیل لە کەرتى غەززە ماون و لەو ژمارەیەش ١٤٦یان ئیسرائیلین، ئەوەش لەکاتێکدایە ٨٦ بارمتە و دیل ئازادکراون کە ٦٦یان ئیسرائیلین.

گووگڵ ڕازی بوو بەوەی ساڵانە زیاتر لە 73 ملیۆن دۆلار بداتە کەنەدا
پێشت گووگڵ ڕازی بوو بەوەی ساڵانە زیاتر لە 73 ملیۆن دۆلار بداتە کەنەدا
هەڵبژاردنی ژوورە بازرگانییەکان دەستیپێکرد
دواتر هەڵبژاردنی ژوورە بازرگانییەکان دەستیپێکرد
ەیوەندیدار