پێشهوا ههورامانی، له پەیامێکیدا وهڵامی عهممار حهكیم دەداتەوە سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و ڕایگهیاند، “ئەوە حکومەتی هەرێم نییە مووچەکان نادات بەڵکو حکومەتی فیدراڵییە کە مووچەی مامۆستایان و هەموو مووچەخۆرانی کوردستانی ڕاگرتووە.”
پێشهوا ههورامانی، وتهبێژی حكومهتی ههرێمی كوردستان له ڕاگهیهندراوێكدا دهڵێت: “سەرۆکی ڕەوتی حیکمە پەیامێکی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و داوا دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مامۆستایان خەرجبکات”.
وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە پەیامەکەیدا دووپاتی دەکاتەوە، “جەنابی سەرۆکی ڕەوتی حیکمە ئاگادارە کە ئەوە حکومەتی هەرێم نییە مووچەکان نادات بەڵکو حکومەتی فیدراڵییە کە مووچەی مامۆستایان و هەموو مووچەخۆرانی کوردستانی ڕاگرتووە، بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە ئامادە نییە مووچە و بەشە بودجەی هەرێم ڕەوانە بکات”.
وتیشی، “داوا لە بەرێز سەید حەکیم دەکەین ڕووی لە بەغدا بێت و پاڵپشتی لە کۆتایی هێنان بەو نا دادپەروەرییە بکات، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی ئەرکەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووە و پابەندی ڕێککەوتنەکان بووە، بەڵام ئەمەمان لە لایەنی بەرامبەر بەدینەکردووە”.
پێشەوا هەورامانی، ئەوەشی خستەڕوو، “هەتا داهاتەکانیش لە دەست حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بوون شایستەی سەرجەم فەرمانبەرانی خۆی خەرجکردووە، بەڵام دوای وەستانی داهاتی هەرێم لەلایەن بەغداوە کێشە بۆ مووچەخۆران دروستکراوە”.