جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، هەوڵی جددی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکان لەوبارەیەوە بەردەوامن.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، قوباد تاڵەبانی لەگهڵ نەسڕوڵا ڕەشنودی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر كۆبووهوه و باس لە چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران بە تایبەت لەڕووی بازرگانییەوە کرا، لەو چوارچێوەیەشدا شێوازی چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم کاروبارەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکان و ئاسانکاریکردن بۆیان تاوتوێ کران.
ڕاشیگەیاند، لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی گەورە بۆ وەبەرهێنان لە بواری جیاوازدا هەیە و حکومەتی هەرێمیش کارئاسانی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دەکات.
لە بەرامبەریشدا کونسوڵی گشتی ئێرانیش ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ کارئاسانیکردن بۆ بازرگانانی هەرێم و بەهێزترکردنی پەیوەندیی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران.
لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، قوباد تاڵەبانی وتویهتی، “هەوڵی جددی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکان لەوبارەیەوە بەردەوامن”.
وتیشی، “بە لایەنی کەمەوە دەبێت بە خێرایی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچە ڕێکبکەوین و پێویستە ئەو تێگەیشتنە لە بەغدا دروست ببێت، کە نابێت پرسی مووچە تێکەڵ بە کێشەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا بکرێت”.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و بە تایبەتیش لە کەرکوک کرا، هەردوولا هیوایان خواست پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەبچێت و ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا تەواوببێت.
جەختیشی كردەوە، “ئێستا لە کەرکوک جیاوازی دەکرێت لەنێوان پێکهاتەکانی ئەو شارەدا و دەبێت لە دوای هەڵبژاردنەکان دۆخێک بێتە ئاراوە، کە هەموو پێکهاتەکان هەست بە دڵنیایی بکەن لەوەی چیتر پەراوێز ناخرێن و بەبێ هیچ جیاوازییەک خزمەت بکرێن”.