گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە، داوادەکرێت مووچەی هەرێم لەلایەن بەغداوە دابەشبکرێت، بەڵام هەمواری یاسای بودجە و خەرجی فیعلی لە نێوان هەرێم و بەغدا بەشێکن لە ناکۆکییەکان.
ساڵێك زیاتر بەسەر دەستبەكاربوونی كابینەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق تێدەپەڕێت، لە ماوەی ئەم ساڵەدا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕاوەستاوە، وێڕای تێپەڕینی یاسای بودجە، هێشتا هەرێم بەشەبودجەی خۆی لە عێراق بۆ نانێردرێت.
سەرچاوەی سەرەكی داهاتی نزیکەی ٪٢٠ دانیشتووانی هەرێم لەو مووچەوە دێت كە لە كەرتی گشتی (حكومەت) وەریدەگرن و تا ئێستا چارەنووسی سێ مووچەی ئەمساڵی مووچەخۆران بە نادیاری ماوەتەوە.
حكومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە ٩٤٤ ملیار دینارە بۆ خەرجکردنی مووچەی ملیۆنێك و ٢٥٥ هەزار مووچەخۆر، لە کاتێکدا ئەمساڵ توانای خەرجكردنی تەنها نۆ مووچەی دەبێت بە بڕی ( هەشت ترلیۆن و ٤٩٦ ملیار دینار) لە كۆی (١١ ترلیۆن و ٣٢٨ ملیار دینار)ی تەواوی ساڵی ٢٠٢٣.
ناردنی قەرز لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم بۆ ئەوەی مووچەی مانگی (٩،٨،٧) مووچەخۆران دابینبکات یەکێک بوو لەو ڕێکارانەی کە حکومەتی هەرێم گرتیەبەر، کە بەم شێوەیە بوو: بڕی ٧٠٠ ملیار دیناری قەرزی حكومەتی عێراق، بڕی ٣٢٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ هەر مانگێك لەگەڵ بڕی ٢٥ ملیار دیناری یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە.
لە کاتیکدا تەنها دوو ڕۆژی ماوە بۆ مانگی ١٢ ماوە، هێشتا مووچەی مانگی ٩ خەرجنەكراوە، حكومەتی هەرێم چاوەڕوانی هاتنی ٧٠٠ ملیار دیناری دیکەیە لە بەغداوە بۆ ئەوەی مووچە دابەشبکات.
چارەنووسی مووچەی مووچەخۆران چی لێدێت؟
چارەنووسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پەیوەستكراوە بە هەمواری یاسای بودجەی عێراقەوە، جا لە ڕێگەی بەغداوە ڕاستەوخۆ بدرێت یاخود وەك پشكی هەرێم لە یاسای بودجەدا بێت و بەو شێوەیەی ئێستا بنێردرێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا فراكسیۆنەكانی یەكێتی، نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ جگە لە فراكسیۆنی پارتی، لە پەرلەمانی عێراقەوە نزیکەی ١١٥ واژۆ کۆکرایەوە بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی بەغدا و بانكی-TBI ەوە بدرێت.
لە هەفتەی ڕابردوودا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە نووسراوێكدا بۆ پەرلەمانی عێراق ڕەزامەندی نیشاندا بۆ ناردنی ڕاستەوخۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەو مەرجەی حكومەتی هەرێم لیستی مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی بەغدا بكات و لە پشكی بودجەی هەرێم بدرێت.
هاوکات سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنیداوە لە هەمواری یاسای بودجەدا لە كۆتایی ئەمساڵ ئامادەدەكرێت، چارەسەری کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بكرێت.
ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەی لە بەغدا تۆمارکراون ٦٥٨ هەزار و ١٨٩ فەرمانبەرن، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم ٧٥٢ هەزار مووچەخۆر زیاتری هەیە، واتا لە ئەگەری دابەشکردنی مووچە لەلایەن بەغدا بە پشتبەستن بەو ژمارەیەی لای بەغدا هەیە بە نزیكەیی ١٠٠ هەزار فەرمانبەری هەرێم بێ مووچە دەبن.
خەرجی فیعلی چییە و کاریگەری لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێم چییە ؟
لە دوو مانگی ڕابردوودا شاندی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق بابەتی خەرجی فیعلی لە یاسای بودجەدا تەوەری سەرەكی ناكۆكییەكانیان بوو.
ههموو ئهو ساڵانهی كه عێراق یاسای بودجهی ههبووه لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٢٢، بودجه خهمڵێنراوهكهی به كورتهێنانێكی زۆرهوه ئاماده و پهسهند كراوه، واته ههمیشه خهرجییه خهمڵێنراوهكان زیاتربوون له داهاته خهمڵێنراوهكان.
لە کاتێکدا له زۆربهی ساڵهكاندا بودجهی جێبهجێكراوی عێراق زیادهی دارایی ههبووه، واته داهاته فیعلییهكان زیاتر بوون له خهرجییه فیعلییهكان، هەر بۆیە كهمیی خهرجییه فیعلییهكانی پارێزگاکانی عێراق بووەتە پاساوێک بۆ حکومەتی ناوەندی لەو ستهمهی له پێدانی شایسته داراییەكانی ههرێم دهكرێت.
ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاندووە، خەرجی فیعلی پشکی هەرێم ئەوەندە کەمکراوەتەوە کە لە ٪٥ تێپەڕناکات، لە کاتێکدا پێویستە مووچە لە خەرجیی فیعلی مانگانە دەربکرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، ماف و شایستەی دارایی هەرێم لە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا، مانگانە بڕەكەی ترلیۆنێك و ٣٨٤ ملیار دینارە، ئەگەر حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای خەرجی فیعلی مانگانەش مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكات، دەبێت مانگانە ترلیۆنێك و ١٧٤ ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت.
نوێنەرانی کورد لە بەغدا چی دەڵێن؟
سۆران عومەر، پەرلەمانتار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، “بەغدا نایەوێت ڕاستەوخۆ مووچە بدات، تا کێشەی مووچە لە یاسای بودجە چارەسەر نەکات، ئەگەر مووچەی مانگی ٩ دابەشبکرێت بە کۆتا قەرزی ٧٠٠ ملیاری هەرێم، هێشتا چارەنووسی سێ مووچەی مووچەخۆران دیار نییە، لە کاتێکدا عێراق ناچێتە ژێر باری ناردنی سێ مووچەی دیکە، بۆیە گرفتەکان بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە”.
سۆران عومەر ئەوەشی خستەڕوو، “حکومەتی هەرێم ڕازی نییە ڕاستەوخۆ مووچە لە بەغداوە بدرێت بە سیستمی بانکی، لە کاتێکدا کێشەی پارەدار کردنی هەیە واتە کێ پارە بخاتە سەر هەژمارە بانکییەکان تا مووچەخۆران بتوانن وەریبگرن، هێشتا ئەم کێشانە بە هەڵپەسێردراوی ماوەنتەوە”.
دارا سێکانیانی، پەرلەمانتار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، “سەرۆک وەزیرانی عێراق داوادەکات داتا و زانیاری فەرمانبەران بە شێوەیەکی دروست ڕادەستی بەغدا بکرێت، بۆ ئەوەی بەغدا بتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابینبکات”.
وتیشی، “دەبێت نوێنەرانی کورد لە بەغدا هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە، بۆئەوەی لە کاتی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٥ بڕگەیەک تۆماربکرێت کە حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ پابەندبکرێن بەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەریم لە کاتی خۆیدا وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق دابەشبکرێت”.
د .بڕیار ڕەشید، پەرلەمانتار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، ” ئێمە داواکارییەکەمان بۆ سەرۆک وەزیران بەرزکردەوە بۆئەوەی مووچەی مووچەخۆران ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە دابەشبکرێت، ئەویش لاری نەبوونی خۆی دووپات کردووەتەوە، بەڵام جێبەجێکردنی پێویستی بە زانیاری ورد هەیە و بەشێکی پەیوەندیدارە بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەوە”.
سەبارەت بە داواکاری مامۆستایان ئاماژەی بەوەکرد، ” مامۆستایان مافی خۆیانە کە داواکارییەکانیان بەرزکردووەتەوە، هاوکات ئێمەش پشتگیری تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم دەکەین، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا بە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕیوون و پێویستە گرفتی مووچەکانیان چارەسەربکرێت”.