نرخی ئارد لە بازاڕەکانی هەرێم بەرزبووەتەوە



ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی ئارد لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی حکومەتی هەرێمەوە بەرزبووەتەوە، بەڵام نرخی نان و سەموون وەک پێشتر ماوەتەوە و گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە.

ئازاد ڕەمەزان، سەرۆکی لیژنەی نانەواخانە و سەمونخانەکان بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، ” نرخی یەک تۆن ئارد ٥ دۆلار زیادیکردووە، ئەم زیادبوونەش بەهۆی بڕیارێکی حکومەتەوەیە بۆ زیادکردنی نرخی گومرگ ئەگینا نرخی ئارد لە بۆرسەی جیهانی بەرزنەبووەتەوە”.

سەبارەت بە گرانبوونی نرخی نان و سەموون، ئازاد ڕەمەزان وتی، ” نرخی ئارد بە جۆرێک بەرزنەبووەتەوە کە کاریگەری بکاتە سەر نرخی نان و سەموون لە نانەواخانەکان و  تا ئێستا هیچ کێشەیەکمان بۆ دروستنەبووە، چونکە نرخی فەردەیەک ئارد کەمتر لە دۆلاریکی چووەتەسەر، لیژنەکانی قائیمقامیەت چاودێری بازاڕ دەکەن و هەر شوێنێکیش نرخ زیاد بکات سزا دەدەرێت”.

هاوکات ئازاد ڕەمەزان، باسی لەو ئاردە کرد کە بڕیار بوو لە ناوخۆ بەرهەمبهێندرێت و وتی، “ئەو ئاردەی لە نانەواخانە و سەموونخانەکان بەکاردەهێندرێت ئاردی ئۆکراینیە لەگەڵ ئاردی تورکی کە ئێستا کەمتر  ئاردە تورکییەکە بەکاردەهێندرێت، پێشتر ئاشێک دروستکرا کە بڕیاربوو ئارد بە نرخێکی کەمتر بۆ ناو بازاڕ دابینبکات، گەنمەکەیان دەهێنا و لە ئاشەکە دەیانهاری و دەیانکرد بە ئارد، بەڵام کاتێک هاتە بەرهەم نرخەکەی لەوەی بازاڕ گرانتربوو بۆیە نانەواخانە و سەموونخانەکان ئاردەکەیان نەکڕی”.

ئێستا نرخی نان و سەموون وەک خۆی ماوەتەوە و گۆرانی بەسەردا نەهاتووە لە بەشێک لە نانەواخانەکان ٦ نان بە هەزار دینار دەفرۆشرێت بە گونکی ٩٥ بۆ ١٠٠ گرامی، ئەوەشی ٨ نان بە هەزار دینار دەفرۆشێت گونکی ١٣٠ بۆ ١٣٥ گرامییە.

هالاند ڕیکۆردێکی نوێی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا تۆمارکرد
پێشت هالاند ڕیکۆردێکی نوێی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا تۆمارکرد
سودانی: پشتیوانی دامەزراندنی دەوڵەت لەسەر تەواوی خاکی فەلەستین دەکەین
دواتر سودانی: پشتیوانی دامەزراندنی دەوڵەت لەسەر تەواوی خاکی فەلەستین دەکەین
ەیوەندیدار