جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی توركیا لە عێراق داوا دەكات “بەزوویی هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە” و ڕایدەگەیەنێت، لە شێوازی بەڕێوەبردنی كەركوك بگەڕێینەوە بۆ پرەنسیپەكانی سەرۆك مام جەلال.
ئەمڕۆ سێ شەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە عەلی ڕەزا گونەی، باڵیۆزی توركیا لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ كران.
قوباد تاڵەبانی جەختی كردەوە لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەڕێی گفتوگۆوە و ڕایگەیاند، یەكگرتوویی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان كاریگەری دەبێت لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.
سەبارەت بە دۆخی كەركوك، قوباد تاڵەبانی وتی، “لەم ساڵانەی دواییدا جیاوازی زۆر دەكرێت لەنێوان پێكهاتەكانی ئەو شارەدا و چارەسەر ئەوەیە لە دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، لە شێوازی بەڕێوەبردنی شارەكە بگەڕێینەوە بۆ پرەنسیپەكانی سەرۆك مام جەلال، بۆ ئەوەی كەركوك ببێتە شارێكی نمونەیی بۆ پێكەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان سەرجەم پێكهاتەكاندا و هیچ لایەنێك هەست بە ستەم و نادادپەروەری و پەراوێزخراوی نەكات”.
سەبارەت بە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و كێشەی بەشە بودجەی هەرێم، قوباد تاڵەبانی هیوای خواست بە زوویی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە و ڕاشیگەیاند، پێویستە لەنێوان هەرێم و بەغدا رێككەوتنێكی گشتگیر و درێژخایەن بكرێت كە تیایدا بەشی زۆری كێشەكانی نێوان هەردوولا چارەسەر بكرێت و كێشەی بودجەی هەرێم بەشێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكرێت.