جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ساڵنامەی خوێندنی ئەمساڵ بەكەڵكی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان نایەت و دەشڵێت: “ئەگەر هەیە كاتی دەوامكردن درێژبكرێتەوە و مەنهەج كەم بكرێتەوە”.
عومەر محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانی (گەلی كوردستان) ڕایگەیاند، نزیكەی 70 ڕۆژە پڕۆسەی خوێندن بایكۆت كراوە و داوامان لە مامۆستایان كردووە بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن و گەڕانەوە بۆ ناو هۆڵەكانی خوێندن.
ڕاشیگەیاند، چاوەڕێن سەرجەم خوێندنگەكان دەست بكەنەوە بە خوێندن و ئێستا ساڵنامەیەكی خوێندنمان هەیە، بەڵام ساڵنامەی خوێندنی ئەمساڵ بەكەڵكی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان نایەت و دەبێت ساڵنامەیەكی تایبەتی بۆ ئەو سنوورە دابنرێت.
جەختیشی كردەوە، هەولێر و دهۆك ساڵنامەی خوێندن جێبەجێ كراوە و تاقیكردنەوەكانیشیان بەرەو كۆتایی دەڕۆن، بۆیە دوای دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لەسەرجەم خوێندنگەكانی ئەم سنوورە، ساڵنامەیەكی تایبەتی دادەنرێت و سەرجەم كێشەكان چارەسەر دەكات.
وتیشی، “چەند ئەگەرێك هەیە بۆ ساڵی خوێندن، كە ئەگەرێكیان ئەوەیە كاتی دەوامكردن درێژبكرێتەوە، بەڵام ناتوانرێت ماوەكەی زۆر درێژبكرێتەوە و ئەگەری دووەم ئەوەیە، كە مەنهەجی خوێندن كەم بكرێتەوە و ڕێكبخرێت لەگەڵ ئەو ماوەیەی خوێندنی تیادا ئەنجام دەدرێت”.
سەبارەت بە قورسی جێبەجێ كردنی ئەو بڕیارانە، مامۆستا عومەر ئاشكرای كرد، “هەموو ڕێكارەكان ئامادەن و كاتی پێ ناچێت و بە ئاسانی دەتوانرێت جێبەجێ بكرێت، تەنها وەستاوە لەسەر دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن”.