دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵای پارتێکی عێراقی رەتکردەوە، کە داوایکردبوو حکومەتی عێراق پابەند بکات بە پێدانی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
دادگەی باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ (سێشەممە، 28-11-2023) بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵای پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، دادگاکە بڕیاریدا بە ڕەتکردنەوەی ئەو سکاڵایەی کە لەلایەن مەحموود حوسێن رەزا، ئەمینداری گشتیی پارتی ئوممەی عێراقییەوە لە دژی سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمار کرابوو، سەبارەت بە پێنەدانی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان.
هۆکاری ڕەتکردنەوەی ئەو سکالایەش بە پێی وتەی مەحموود عگێلی ئەوەیە کە “دادگای فیدراڵی پێیان وتم من کورد نیم و لە نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پێنەدانی مووچەی فەرمانبەران زەرەرمەندنیم، بۆیە رەتکرایەوە.”
مەحموود حوسێن وتیشی ” لەدوای بڕیارەکەی دادگا پەیوەندییم بە هەندێک لە دۆست و نزیکەکانم لە برایانی کورد کرد و بڕیارە بەناوی ئەوانەوە سکاڵایەکی دیکە پێشکەش بکەینەوە.”
سکاڵاکە تایبەت بوو بە پابەندکردنی حکومەتی عێراق بە خەرجکردنی شایستە داراییە دواکەوتووەکانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 هاتووە.
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق، پشکى هەرێمى کوردستان زیاتر لە 16.6 تریلیۆن دینارە لە کۆى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارى بودجەى عێراق، بەڵام حکومەتی عێراق ئەو بڕە پارەیەی نەناردووە، هۆکارەکەش یەکەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پشکی هەرێم لە ئینفاقی فعلی ( خەرجی فعلی) دا دانراوە، و هۆکارێکی تریشی بۆ پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمە بەو مەرج و داواکارییانەی کە حکومەتی عێراق داوای کردووە، لەم نێوەندەشدا تەنها مووچەخۆران زەرەرمەندی یەکەمن.