ئەندامێكی لیژنەی ئابوری و پیشەسازی و بازرگانی ڕایدەگەیەنێت، بانكی ناوەندی عێراق كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی هێناوە بۆ دامەزراندنی پلاتفۆڕمێكی نوێ كەڕێكاری فرۆشتن و كڕینی دۆلار لە مەزادی دراوی بیانی زیاتر كۆنترۆڵ دەكات، دەشڵێت ،” ئەمەش پرۆسەی فرۆشتنی دۆلاری لەبانكی ناوەندی خاو كردۆتەوە و خواست زیادی كردووە”.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابوری و پیشەسازی و بازرگانی ڕایگەیاند، بانكی ناوەندی عێراق كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی هێناوە بۆ دامەزراندنی پلاتفۆڕمێكی نوێ كەڕێكاری فرۆشتن و كڕینی دۆلار لە مەزادی دراوی بیانی زیاتر كۆنترۆڵ دەكات و بانكەكان بە ئەلكترۆنی پەیوەست دەكات بە بانكی ناوەندی و چاودێری نێودەوڵەتی.
ڕاشیگەیاندووە، ئەم سیستمە داواكاری نوێی لەو بانكانە هەیە، كە بەشدارن لەو مەزادەدا لەو كۆمپانیانەی دۆلارەكە دەكڕن تاكو چاودێری زیاتریان بخرێتە سەر، چونكە سپی كردنەوەی پارە لەڕێی چەندین كۆمپانیای وەهمی و بانكەوە بۆتە پرسێكی مەترسیدار و لەئێستەدا هەوڵەكان بۆ ئاشكراكردنیان و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی توند دەستی پێكردووە.
ئاشكراشیكردووە، كە ئەمە پرۆسەی فرۆشتنی دۆلاری لەبانكی ناوەندی خاوكردۆتەوە و خواست زیادی كردووە، بۆ دابەزاندنی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار ڕۆژانی ئایندە بڕێكی زیاتری دۆلار دەخەنەڕوو بە نرخی ٥٠ دینار كەمتر لە ئێستا، هەر دۆلارێك لە ۱٤٦٠ دینارەوە كرایە ۱٤٦٥ دینار.