وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، توێژینەوەیەکیان لەبارەی هۆکار و چارەسەر و لێکەوتەکانی ڕووداوەکانی خۆ کوشتنەوە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.
کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند، وەزارەتەکەیان خۆی بەبەرپرسیار دەزانێت لەبەرامبەر پاراستنی ئاسایشی تاک و خێزان و کۆمەڵگەدا بۆیە بەردەوام هەوڵی باشترکردنی تاک و خێزانیداوە لەڕووی کۆمەڵایەتی و دەرونی و هەتا ماددیشەوە.
باسی لەوەکرد، سەرەڕای هەوڵەکانیان بەتەواوی سێکتەرەکانی وەزارەتەوە نەتوانراوە تائێستا سنوور بۆ زۆر کارو کردەوە دابنێێن کە بەداخەوە کارەسات و مردنی لێدەکەوێتەوە لەوپێناوەشدا هەولمانداوە لە هەموو شاروشارۆچکەکانی کوردستان دامودەزگامان هەبێت وەک شەڵتەرەکان و چاودێری خێزان و چاودێری منداڵ و بەساڵداچوان و کرێکاران.
دەڵێت، هێشتا نەمانتوانیووە چارەسەر بۆ خۆکوشتن بدۆزینەوە و لەحاڵەتەوە بووە بە دیاردە و لەهەوڵداین بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکان و دەستنیشانکردنی چارەسەرەکانی. وتیشی، لەڕووی یاساوە هیچ ماددەیەکی یاسایی نییە سزای ئەوانە بدات خۆیان دەکوژن یاخود هەوڵی خۆ کوشتن دەدەن و هەوڵی خۆکوشتن بە تاوان هەژمار نەکراوە.
باسی لەوەشکرد، زۆرێک لە حاڵەتەکانی خۆکوشتن بەهۆی هاندانەوە بووە لەلایەن دەوروبەری خۆکوژەکەوە، بۆیە بەردەوام هەواڵی خۆ کوشتنی ژنان بەبەردەوامی دەبیستین.
وتیشی، دیاردەی خۆکوشتن کاریگەری و لێکەوتەی خراپی لەسەر خێزان و خانەوادەکان بەجێ هێشتووە و بۆیە ئەنجامدانی ئەم توێژینەوەیەمان بە گرنگ زانی و هەتا بتوانین سنوورێک بۆ خۆکوشتن دابنێین و بیگەڕێنینەوە بۆ حاڵەت و لەچوارچێوەی دیاردە بیبەینە دەرەوە.