بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، ئەو شەپۆلە باران بارینەی ناوچەكانی هەرێمی گرتبووەوە ئەمشەو كۆتایی دێت و لە كۆتایی ئەم مانگەوە و بۆ ماوەی 10 ڕۆژ كەشوهەوا ئاسایی دەبێت و پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، تاکاتەکانی درەنگی شەو کاریگەری ئەم شەپۆلە بەردەوامی ئەبێت و لەبەرەبەیانی سبەی سێ شەممە 28/11/2023 کۆتایی پێدێت.
وتیشی، “سبەی کەش سەقامگیر ئەبێت و ئاسمان بەزۆری ساماڵ و پەڵە ھەور ئەبێت، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ 1 بۆ 3 نزمدەبێتەوە و خێرایی با لەسەرخۆ ئەبێت 5-15کم/کاتژمێر لە ئاراستەی باشوری ڕۆژئاواوە” .
ئاماژەی بەوەشكرد، لە دوو سبەی 29ی مانگەوە ناوچەکانمان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری بەرزە پاڵەپەستۆیەک و پێشبینی دەکرێت تا ڕۆژانی 7 و 8 مانگی داھاتوو بخایەنێت و لەو ماوەیەدا ئەگەری بارانبارین نابێت و پلەکانی گەرما لە دوو سبەیەوە بەتایبەت لەکاتەکانی رۆژدا بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ئەبینێتەوە.