بنکەی پۆلیسی دارستانی بازیان هاووڵاتیەکی دەستگیر کرد، كە دارێكی تەمەن 100 ساڵەی بڕیوەتەوە .
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای ئاگادار کرانەوەیان لە لایەن هاووڵاتیانەوە، کە دارێکی گەورە بڕدراوە لە سنوری گوندی ( ئەڵاقولی ) لە قەزای بازیان، دەستبەجێ مەفرەزەیەكی بنکەی پۆلیسی دارستانی بازیان دەرچوون بۆ شوێنی دیاریکراو.
ڕاشیگەیاندووە، “بینیان کە دارێکی تەمەن ( ١٠٠ ) ساڵ بڕاوە ، لە هەمان کاتدا هاووڵاتیەك بە تۆمەتی بڕینەوەی دارەکە دەستگیرکرا”.
جەختیشی كردۆتەوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە ڕێکخراوە و ڕادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی.