تورکیا ئامادەیی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی بەندەری جەیهان دەربڕی.
ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی ڕیزا گونەی، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد.
حکومەتی هەرێمنی کوردستان ڕایگەیاند، لە دیدارەکەدا گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ کران و جەخت لە برەودان بە پەیوەندییەکان لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاریکردن بۆ هاتووچۆ و گەشتکردن لە نێوان هەردوولادا کرا.
ڕوونیشیکردەوە کە تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیى دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا لە زووترین کاتدا.
لەوبارەیەوە باڵیۆزی تورکیا ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردن دەربڕی.